عێراق

ھەرێمی کوردستان و بەریتانیا پەیوەندییەکانیان تاوتوێ کرد

- نێجیرڤان بارزانی: "لە کۆبوونەوەکدا چەندین بابەتمان باسکرد لەوانە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ بەریتانیا، کێشەکانی ھەولێر و بەغدا و ھەوڵەکانی چارەسەرکردنیان، شەڕی دژبە تیرۆر و مەترسییەکانی سەرھەڵدانەوەی داعش".

Heman Hussein Yaseen  | 09.06.2021 - نوێکردنەوە : 10.06.2021
ھەرێمی کوردستان و بەریتانیا پەیوەندییەکانیان تاوتوێ کرد

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، دۆمینیک راب لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو و رایگەیاند:

"لە کۆبوونەوەکدا چەندین بابەتمان باسکرد لەوانە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ بەریتانیا، کێشەکانی ھەولێر و بەغدا و ھەوڵەکانی چارەسەرکردنیان، شەڕی دژبە تیرۆر و مەترسییەکانی سەرھەڵدانەوە و بەھێزبوونەوەی داعش، ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق و دۆخی ناوچەکە بە گشتی و چەندین بابەتێکی دیکە".

نێچیرڤان بارزانی گوتی: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەریتانیا بەرز دەنرخێنین، سوپاسی پشتگیری بەردەوامی بەریتانیا لە گەلی کوردستان دەکەین، ھاوبەشی گەلی کوردستان لەگەڵ بەریتانیا ٣٠ ساڵ پێش ئێستا دەستی پێ کردووە، کاتێک کە لە نیسانی ١٩٩١ بەریتانیا لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەنجوومەنی ئاسایش، بڕیاری ٦٨٨یان دەرکرد کە ئەوە سەرەتایەکی گرنگ بوو بۆ ئەوەی بتوانێت پەیوەندییەکی دۆستانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دروست بکات، لەو کاتەشەوە پەیوەندیمان لەگەڵ بەریتانیا ھەمیشە بەردەوام بووە. بەتایبەت دامەزراندنی نەوای ئارام و بڕیاڕی نەفڕین کە ئەمە بۆ ھەرێمی کوردستان دەستپێکی سەرەتایەکی نوێ بوو کە بتوانێت برەو بە پەیوەندییەکی دۆستانە لەسەر ئاستیی نێودەوڵەتی بدات".

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی هەروەها گوتی: "وڵاتانی G7، ١٥ ملیۆن دۆلاریان تەرخانکردووە بۆ پشتگیری لە پەرەپێدان بە تواناکانی ئافرەتان، ھیوادارین ئەو پاڵپشتییانە ھەرێمی کوردستان و عێراقیش بگرێتەوە".

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بە بابەتی ژینگە و گۆڕانی ئاووھەوا دا کە بەپێی توێژینەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی ئاووھەوای لەسەر دەردەکەوێت و رایگەیاند "ئێستا لە ھەرێمی کوردستان خەریکە کاریگەرییەکانی دەردەکەوێت و خەریکە وشکەساڵی دەبێتە کێشەیەکی رژد لەبەردەممان، ئێمە لە ھەرێمی کوردستان پابەندین بە رێکارە نێودەوڵەتییەکانی خۆگونجاندن و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆرانی کەشوھەوا لە جیھان، ھەروەھا لە ھەرێمی کوردستان پلانمان بۆ کەمکردنەوەی گازە زیانبەخشەکانی وەکو دووانە ئۆکسیدی کاربۆن داناوە".

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، دۆمینیک راب لەبارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "سەردانەکەم گرنگییدانە بە پەیوەندییە درێژخایەنەکەمان، گفتوگۆیەکی نایابمان ئەنجامدا و باسی زۆر شتمان کرد و سەقامگیری ھەرێم و عێراق، بەریتانیا زۆر پابەند دەبێت بۆ نموونە لە وەبەرھێنان و بزنس و دڵخۆشین کە ھێزی پێشمەرگە لەگەڵ ھێزەکانی عێراق کار دەکەن بۆ دەرکردنی داعش بە دڵخۆشییەوە بەریتانیا ھەڵساوە بە دابینکردنی بوودجەیەکی نوێ بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ پاراستنی سامان و کولتوور".

دۆمینیک راب هەروەها گوتی: "بێگومان ئێمە دەبێت ئەمنییەت بۆ خەڵک دڵنیا بکەینەوە لە کوردستانی عێراق، ھەروەھا لەگەڵ جەنابی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان باسی گرنگیی میدیای ئازاد و پاراستنی ئازادی رادەربڕینمان کرد کە ئەمانە چەند خاڵێکی گرنگن".

دۆمینیک راب راشیگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەیاندا باسی پەروەردە و گۆڕانی ئاووھەوایان کردووە و گوتی: "توانیوومان گفتوگۆی زیاتر لەسەر بابەتەکان بکەین و ئێمە پاڵپشتی نێودەوڵەتی رادەگەیەنین و بەردەوام دەبین لە ھاوکارییەکان و چاوەڕوانی سەردانی سەرۆکی ھەرێم دەکەین بۆ لەندەن و ئەمەش زیاتر گرنگییپێدانە بە پەیوەندییەکان و دۆستایەتیمان".

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، دۆمینیک راب گەیشتە ھەولێر و لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە.

بەریتانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە دوای سەرھەڵدانی داعش لەڕووی سەربازییەوە لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان و عێراقی کردووە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın