Heman Hussein Yaseen
01 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ھەزار و ٥٤ تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و ٢٨ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە، بەمەش کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە ٧٧ ھەزار و ٧٩ حاڵەت و گیانلەدەستدانیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گەیشتە دوو ھەزار و ٤٨٣ کەس.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، شەش ھەزار و ٧٤٠ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە و دەرەنجام ھەزار و ٤٥ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستاندا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستدان لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەم شێوەیەی خوارەوە تۆمارکراوە:
پارێزگای ھەولێر، ٣٩٨ تووشبوو، پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان.
پارێزگای سلێمانی، ٢٠٢ تووشبوو، ھەشت حاڵەتی گیانلەدەستدان.
پارێزگای دھۆک، ٣٨٤ تووشبوو، دە حاڵەتی گیانلەدەستدان.
پارێزگای ھەڵەبجە، ١٣ تووشبوو، یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان.
ئیدارەی گەرمیان، ٤١ تووشبوو.
ئیدارەی راپەڕین ١٦ حاڵەتی تووشبوو، چوار حاڵەتی گیانلەدەستدان.
ئاماژە بەوەشدراوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٥٣٦ نەخۆش دوای چارەسەری پزیشکی چاکبوونەوەتەوە، ھاوکات لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا ٦٥٣ ھەزار و چوار پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٧٧ ھەزار و ٧٩ تووشبوو کە ٢٨ ھەزار و ٢٧٨ لە ھەولێر، ٢٢ ھەزار و ٧٠٣ لە سلێمانی، ٢٣ ھەزار و ٥٦٩ کەس لە دھۆک و، دوو ھەزار و ٥٢٩ لە ھەڵەبجە بووە، لەنێویاندا دوو ھەزار و ٤٨٣ حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە کە ٧٠٨ لە ھەولێر، ھەزار و ٢١٩ حاڵەت لە سلێمانی، ٤٦٥ لە دھۆک و لە ٩١ حاڵەت ھەڵەبجە بووە.