عێراق

"ھەریەک لە سوودانی و مالیکی و عامری و حەلبووسی دووبارە خۆیان بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو بەربژێر کردووە"

هەریەکە لە محەمەد شیاع سوودانی و نوری مالیکی و ھادی عامر، محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەران، مەحمود مەشھەدانی و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، موحسین مەندەلاوی جارێکی دیکە خۆیان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەربژێر دەکەنەوە.

Zana Natık Kerem  | 28.06.2025 - نوێکردنەوە : 28.06.2025
"ھەریەک لە سوودانی و مالیکی و عامری و حەلبووسی دووبارە خۆیان بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو بەربژێر کردووە"

Arbil

ھەولێر ــ AA

بڕیارە ڕۆژی ١١ی مانگی تشرینی دووھەمی ئەمساڵ، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدریت و لەئیستادا ژمارەیەک لە سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان دووبارە خۆیان بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو بەربژێرکردووە کە زۆربەیان لەسەر پارێزگای بەغدا خۆیان بەربژێرکردووە.

سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی سەربە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، عیماد جەمیل لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دیارترین ئەو سەرکردانەی کە دووبارە خۆیان بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەربژێر کردووە بریتین لە سەرۆکی ھاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی و ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر، ھادی عامر و سەرۆکی پارتی تەقەدوم، محەمەد حەلبووسی و سەرۆکی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەحمود مەشھەدانی و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، موحسین مەندەلاوی".

عیماد جەمیل ئاماژەی بەوەشدا، زۆربەی ئەو سەرکردانەی کە لەسەر پارێزگای بەغدا بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەربژێرکرەوە خەڵکی ڕەسەنی بەغدا نیین و گوتی: "ڕاستە زۆربەی ئەو سەرکردانە کە بەڕەسەن خەڵکی پارێزگا بەغدا نین، بەڵام لە بەغدا نیشتەجێن و بەپێی یاسای ھەڵبژاردنەکان ئاساییە کەسێک خەڵکی پارێزگایەک بێت و لە پارێزگایەکی دیکە خۆی بەربژێر بکات".


- ھاوپەیمانییە دیارەکانی لایەنە شیعەکان بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

دیارترین ھاوپەیمانی و لایەنە سیاسییەکان کە بۆ ھەلبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق خۆیان تۆمار کردووە بریتین لەھاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق، محەمەد شیاع سوودانی.

پێشتر محەمەد شیاع سوودانی لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی ڕەوتی فوراتەین لە ھەڵبژاردنەکاندا خۆی بەربژێرکردبوو.

ئەو لایەنانەی کە ئێستا لە چوارچێوەی ڕەوتی فوراتەین لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا بەشدارن بریتین لە ھاوپەیمانیی عەقدی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، فالح فەیاز و ھاوپەیمانیی نیشتمانیی وەتەنییە بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەللاوی، گردبوونەوەی وڵاتی سۆمەر بە سەرۆکایەتیی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەحمەد ئەسەدی و ھاوپەیمانیی داھێنانی کەربەلا بە سەرۆکایەتیی نەسەیف خەتابی، گردبوونەوەی نەوەکان بە سەرۆکایەتیی محەمەد سەیھود و ھاوپەیمانیی چارەسەری نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی محەممەد ساحب دەراجی.

ھەروەھا دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی کە پێکھاتووە لە حیزبی دەعوەی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی و ھاوپەیمانیی نەھجی وەتەنی بە سەرۆکایەتی عەبد سادە فرێجی، مونتەسیرون بە سەرۆکایەتیی فالح خەزعەلی، بزووتنەوەی ھەمم بە سەرۆکایەتی وائیل جاسم، بزووتنەوەی بەشائیر شەبابییە بە سەرۆکایەتی یاسر مالیکی، ڕەوتی قەسەمی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی عەبدولئەمیر ئەسەدی، یەکێتیی ئیسلامیی تورکمانی عێراق بە سەرۆکایەتی جاسم محەممەد جەعفەر، بزووتنەوەی وەھجی شەبابییە بە سەرۆکایەتی عەلی مالیکی، گردبوونەوەی ڕابوون و بنیادنان بە سەرۆکایەتی تەڵاڵ بیلال، بەشداری لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، دەکات.

ھاوپەیمانیی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی، سەرۆکایەتیی عەممار حەکیم بەشداری لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، دەکات.

ھاوکات ھاوپەیمانیی ئەبشر یا عێراق بە سەرۆکایەتی ھومام حەمودی کە پێکھاتووە لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراقی، ئیقتیدار وەتەن، گردبوونەوەی ئەساسی نیشتمانی، پارتی رێکخستنی ناوخۆ، گردبوونەوەی عێراقی نوێ، رەوتی کەلیمە و پارتی ئەمانە، بەشداری لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا دەکات.

ھەریەک لە ڕێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتیی ھادی عامری و بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی بەجیا بەشداری لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا، دەکەن.

ھەروەھا ھاوپەیمانیی بەدیل بە سەرۆکایەتیی عەدنان زورفی کە پێکھاتووە لە بزووتنەوەی وەفا، حیزبی شیوعی، بەیت وەتەنی، پارتی ئیستقلال، گردبوونەوەی کۆماری، بزووتنەوەی مەدەنی، بزووتنەوەی کەفا و بزووتنەوەی شرووع لە بەشداری لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا، دەكەن.


- ھاوپەیمانیی لایەنە سوننەکان بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

سەرۆکی پارتی تەقەدومی سوننە، محەمەد حەلبووسی بەشداریکردنی لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاندووە.

ھەروەھا ھەریەک لە ھاوپەیمانیی حەسمی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی سابت عەباسی، ھاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەرائی و ھاوپەیمانی سیادە بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر کە سێ لایەنی سوننەن، بەشداری لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا، دەکەن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın