عێراق

ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا تا کۆتایی ئەمساڵ لە عێراق دەکشێنەوە

- بەغدا و واشنتۆن لەسەر کشانەوەی ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا تا کۆتایی ئەمساڵ لە عێراق رێککەوتن.

Zana Natık Kerem  | 27.07.2021 - نوێکردنەوە : 28.07.2021
ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا تا کۆتایی ئەمساڵ لە عێراق دەکشێنەوە

Arbil

ھەولێر ــ AA

بەغدا و واشنتۆن لەسەر کشانەوەی ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا تا کۆتایی ئەمساڵ لە عێراق رێککەوتن.

رۆژی ھەینی گەڕی چوارەم و کۆتایی گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان عێراق و ئەمریکا لە واشنتۆن کۆتایی ھات و ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، ھەردوولا راگەیەنراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا ھاتووە "ئەمریکا رێز لە سەرەوەری و یاساکانی عێراق دەگرێت و بەڵێن دەدات بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی عێراق".

ئاماژە بەوەیشدراوە کە لای خۆیەوە عێراق پابەندبوونی خۆی دووپاتکردووەتەوە بۆ پاراستنی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش کە مەشق و راھێنان و راوێژ بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەن.

لە راگەیەنراوەکەدا هەروەها ھاتووە "ئەو بنکانەی کە لە عێراق سەربازانی ئەمریکا و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش تیایدا جێگیرکراون، بنکەی عێراقن و بەپێی یاساکانی عێراق بەڕێوەدەبرن و ئەو بنکانە، بنکەی ھێزەکانی ئەمریکا و ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی نیین و بوونی ئەو ھێزانەیش لەو بنکانە تەنھا بۆ پاڵپشتیکرنە لە حکوومەتی عێراق لە شەڕی دژبە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش".

بەپێی راگەیەنراوەکە شاندی ھەردوو وڵات دوای تەواوکردنی دوایین گفتوگۆی تیمەکانی ھونەریی عێراق و ئەمریکا رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە پەیوەندیی ئەمنی نێوان ھەردوو وڵات، بەتەواوی بگۆڕدرێت بۆ راوێژکردن و مەشق و راھێنان، ھاریکاریی ھەواڵگریی و تا ٣١ کانوونی یەکەمی ٢٠٢١، ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق بەتەواوی دەکشێنەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە ئەمریکا پێداگیرانە بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە، ئەوەیش لە پێناو بەھێزترکردنی توانایان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ھەڕەشەکاندا.

رۆژی ھەینی رابردوو بەسەرۆکایەتی وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بڵینکن گەڕی چوارەمی گفتۆگۆی ستراتیجیی نێوان ھەردوو وڵات، کۆتایی ھات.

دوێنێ دووشەممە، سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە کە لە میانیدا سەبارەت بە ژمارەیەک رۆژەڤی گرنگ گفتوگۆیان کرد.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın