Zana Natık Kerem
03 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 04 کانوونی دووەم 2022
ھەولێر ــ AA
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە عێراق رایگەیاند، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کرابوون، بە سیستمی بەرگریی (سیرام) خراونەتە خوارەوە.
سەرچاوەکە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاشکرای کردووە ئەمڕۆ دووشەممە، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لەسەریان نووسرابوو "ھێرشی تۆڵەسەندنەوەی فەرماندەکان" ئاراستەی ناوچەی دیپلۆماتی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا ( بنکەی ڤیکتۆریا) کرابوون.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەیش داوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، بەسستمی بەرگریی (سیرام) خراونەتە خوارەوە و راشیگەیاند کە ھێرشەکە لەلایەن کەسانی دەرچوو لە یاسا ئەنجامدراوە.
ئەم پێشھاتەیش ھاوکاتە لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ دووساڵ بەسەر کوژرانی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندیس و فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی تێپەڕ دەبێت.
لە سێی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا لە ئاکامی ھێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا، ئەبو مەھدی موھەندیس و قاسم سولەیمانی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژران.