Zana Natık Kerem
27 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2021
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق رەتیکردەوە کە ھیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای ھیندی لە عێراق تۆمارکرابێت.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە وەزارەتی تەندورستیی و ژینگەی عێراق، روبا فەلاح لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە تا ئێستا ھیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای ھیندی لە عێراق تۆمارنەکراوە و ھاتووە:
"لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا ھیچ حاڵەتێکی تووشبوونمان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای ھیندی تۆمارنەکردووە، بەڵام لەوانەیە لە ھەر کات و ساتێکدا بێت ڤایرۆسەکە لە عێراق بڵاوببێتەوە".
راشیگەیاندووە "بێ گومان پابەندبوون بە رێنماکانی خۆپارێزیی و وەرگرتنی ڤاکسین، رێگردەبن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسە نوێیەکە".
ئەمەیش دوای ئەوە دێت کە پێشتر میدیاکانی عێراق بڵاویانکردبوویەوە کە یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای ھیندی لە پارێزگای زیقار تۆمارکراوە.