Fakhradin Ibrahim Mohammad
27 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2021
عێراق - AA
بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ عێراق، بێتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆببێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان زەریف لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکی پێشووی هەرێم، مەسعود بارزانی و سەرۆکی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت دوا پەرەسەندنەکانی سیاسی لە عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، هاوکات پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران بە تایبەت لە رووی ئابوورییەوە، تەوەری سەرەکی گفتوگۆی نێوان سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی ئێران لەگەڵ گەورە بەرپرسانی هەرێم بێت.
ئەگەرچی تا ئێستا بە فەرمی ئەجیندای دیدارەکانی زەریف بۆ میدیاکان و رای گشتی رانەگەیەندراوە، بەڵام دەگوترێت وەزیری دەرەوەی ئێران بەرلە جێهێشتنی هەولێر، ئەمشەو لەگەڵ چەند پارت و لایەنێکی سیاسی هەرێمیش کۆدەبێتەوە.
دوێنێ دووشەممە وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا پایتەختی عێراق و لەگەڵ هەریەک لە هاوتا عێراقییەکەی، فوئاد حوسێن و سەرکۆمار، بەرھەم ئەحمەد ساڵح و سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی کۆبووەوە.
زەریف هەروەها شەوی رابردووش لە کۆبوونەوەیەکدا بەشێکی زۆر لە کەسایەتییە شیعەکانی عێراق وەک نوری مالکی، عەممار حەکیم، فالح فەیاز و هادی عامری کۆکردەوە و تاوتوێی پەیوەندییەکان و رەوشی ناوچەکەیان کرد.