Zana Natık Kerem
06 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2021
ھەولێر ــ AA
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی سائیرون، بەدر زیادی رایگەیاند کە تا ئێستا ھەرێمی کوردستان ھیچ روونکردنەوەی نەداوە سەبارەت بەو گوژمە پارەیەی کە لە ئەستۆیەتی دایە بۆ بەغدا و ئاماژە بەوەیش دەکات کە ئەو ھەنگاوەی ھەرێمی کوردستان، پەسەندکردنی بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ لە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ چەند رۆژێک دوادەخات.
بەدر زیادی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "ئەگەر پەسەندکردنی بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ لە ئەنجوومەنی نوێنەران دوایش بکەوێت، بەڵام مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دەستەبەرکراوە و لە کاتی خۆیدا خەرج دەکرێت".
راشیگەیاند کە پەسەندکردنی بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ لە ئەنجوومەنی نوێنەران پێویستی بە تەوافوقی سیاسی ھەیە و گوتی: "لە ٢٠٠٣وە تا ئێستا، ھەرێمی کوردستان ھیچ داھاتێکی نەوتی و نانەوتی رادەستی بەغدا نەکردووە و تەنانەت ھیچ روونکردنەوەی نەداوە سەبارەت بەو گوژمە پارەیەی کە لە ئەستۆیەتی دایە بۆ بەغدا کە ئەوەیش پەسەندکردنی بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ چەند رۆژێک دوادەخات".
پێشتر جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حەسەن کەعبی راگەیاند کە مافی ھاووڵاتییان لە زاخۆوە تا بەسرە لە بوودجەی گشتیی ٢٠٢١دا، دەستەبەردەکرێت.