Zana Natık Kerem
06 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 08 شوبات 2021
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند کە تورکیا پەرۆشی خۆی نیشانداوە سەبارەت بە دەستەبەرکرنی پشکی ئاوی عێراق لە رووباری دیجلە و ئاماژە بەوەیش دەکات کە گفتوگۆکانی عێراق سەبارەت بە دۆسیەی ئاو لەگەڵ ئێران و سووریاش بەردەوامە.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، عەلی رازی سامر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاشکرایکردووە کە حکوومەتی عێراق گرنگی زۆری بە دانوستانەکانی سەبارەت بە دۆسیەی ئاو لەگەڵ تورکیا، ئێران و سووریا داوە و گوتی:
"لە ماوەکانی رابردوودا، پێشھاتی ئەرێنیی لەبارەی دۆسیەی ئاو لە نێوان عێراق و تورکیا ھاتووەتە ئاوارەوە".
عەلی رازی سامر گوتیشی:" وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، مەھدی رەشید حەمدانی وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی لە دۆسیەی ئاو دەستنیشانکراوە و گوتی:
" نێردەی تایبەتی سەرکۆماری تورکیا بۆ کاروباری ئاو، ویسل ئەر ئۆغڵۆ پەرۆشی وڵاتەکەی نیشانداوە سەبارەت بە دەستەبەرکرنی پشکی ئاوی عێراق لە رووباری دیجلە".
راشیگەیاند کە بەم زووانە شاندی عێراق بەسەرۆکایەتی وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، مەھدی رەشید حەمدانی بۆ واژووکردنی پرۆتۆکۆڵی ھاوکاریی لە بواری ئاودا لەگەڵ تورکیا سەردانی ئەنقەرە دەکات.
پێشتر وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، مەھدی رەشید حەمدانی رایگەیاندبوو رەشنووسی پرۆتۆکۆڵی ھاوکاریی لە بواری ئاودا کە بەم دواییانە لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسەندکراوە ، رادەستی تورکیایان کردووە و ئاماژەی بەوەیشدابوو، رەشنووسی پرۆتۆکۆڵی ھاوکاریی لە بواری ئاودا کە لەگەڵ تورکیا گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن، بەردانەوەی ئاوی پێویست بە ھەماھەنگیی لەگەڵ لایەنی تورکی لەخۆدەگرێت.
ئاوی ھەردوو رووباری دیجلە و فورات لە رۆژھەڵاتی تورکیاوە ھەڵدەقوڵێت و بە خاکی سووریادا تێپەڕدەبێت تاوەکو دەگاتە عێراق و لە ناوچەی قوڕنە باشووری ئەو وڵاتە پێکدەگەن و دەڕژێنە کەنداوی عەرەب.
ھەردوو رووباری دیجلە و فورات وەک سەرچاوەی سەرەکی ئاوی عێراق ھەژمار دەکرێن و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا رێژەی ئاو تیایدا کەمی کردووە ئەمەش بەھۆی کەمی دابارینی باران بووە.
عێراق بۆ بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا و کشتوکاڵ بەشێوەی سەرەکی سوود لە ئاوی ئەو دوو رووبارە وەردەگرێت.
تورکیا نەرمی زۆری نواندووە لەبەرامبەر داواکاری بەغدا لەبارەی ئاوی ھەردوو رووبارەکە و لەم چوارچێوەیەدا ئەنقەرە لە زیاتر لە جارێک پڕکردنی بەنداوی "ئیلسۆ"ی لەسەر رووباری دیجلە دواخستووە.
مانگی تەمووزی ساڵی رابردوو، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، مەھدی رەشید حەمدانی رایگەیاند ئاو لە ھەردوو رووبارەکەدا لەمساڵدا بەڕێژەی لەسەدا ٥٠ کەمی کردووە.
مەھدی رەشید حەمدانی روونیکردبووەوە، کەمبوونەوەی ئاو لە ھەردوو رووبارەکەدا بەھۆی کەمبوونەوەی رێژەی دابارینی باران بووە بەڕێژەی لەسەدا ٥٠ بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩.