Fakhradin Ibrahim Mohammad
06 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2021
ھەولێر - AA
ئەمرۆ شەممە، ٦ی شوباتی ٢٠٢١، رووفاتی ١٠٤ لە قوربانیانی گوندی کۆجۆ لە رێورەسمێکدا لە زێدی خۆیان بەخاک سپێردران کە لە ساڵی ٢٠١٤دا لە ئاکامی ھێرشی داعش بۆ سەر گوندەکەیان کوژران.
رێوڕەسمەکە بە بەشداری شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی د.دیندار زێباری و نوێنەرانی ھەریەک لە سەرۆکایەتی ھەرێم، وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و بەرپرسانی حزبی و حکوومی لە ناوچەکە ئەنجامدرا.
کەسوکاری ئەو قوربانیانە پێشتر بە ھاوکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای شەھیدانی حکوومەتی فیدڕال، ئامادەکاریی تایبەتییان بۆ بەخاکسپاردنی رووفاتی قوربانیان ئەنجام دابوو.
رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ ھێرشێکی بەرفراوانی بە مەبەستی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی بۆ سەر ناوچەکانی دەشتی نەینەوا ئەنجامدا و دانیشتوانی گوندی کۆجۆ بەرەورووی گەورەترین کۆمەڵکوژی لە لایەن ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بوونەوە.
گوندی کۆجۆ بە دووری ٢٥ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری قەزای شنگال و بە گەورەترین گوندی ئێزدییەکان و دوا سنووری ناوچەکانی نیشتەجێی ئێزدییەکان دادەنرێت. دانیشتوانی گوندی کۆجۆ بەر لەو کارەساتەی بەرامبەریان ئەنجام بدرێت، ٧٨٠ خێزان بوون و لە عەشیرەتی "مەنتکان"ی ئێزدییەکانن.
رێکخراوی تیرۆریستی داعش ھەزار و ٢٠٠ کەس لە دانیشتوانی گوندەکە رفاند و بە پێی ئامارە نافەرمییەکان، لەو ژمارەیە، ٧٠٠ کەسیان کۆمەڵکوژ کراون کە تا ئێستا رووفاتی ٢٤٦ قوربانی لە لایەن حکوومەتی فیدڕالەوە بە ھەماھەنگیی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان دۆزراونەتەوە و رەوانەی پزیشکی دادی بەغدا کراون کە لەو ژمارەیە تەنیا ١٠٤ کەسیان ناسراونەتەوە.
لە ئێستادا گەڕان بە دوای دۆزینەوەی رووفاتی قوربانیانی ئێزدی لە گۆڕەبەکۆمەڵەکانی دیکە بەردەوامە.