Zana Natık Kerem
06 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 07 شوبات 2021
ھەولێر ــ AA
ئەمرۆ شەممە لە رێورەسمێکی شایستەدا، رووفاتی ١٠٤ کەس لە قوربانیانی گوندی کۆجۆ دوای ئەوەی لە پزشکی دادوەریی بەغداوە لە لایەن کەسوکارەکانییەوە، گەڕاێندرانەوە گوندەکەیان لە زێدی خۆیان بەخاک سپێردران.
لە میانی ئامادەکارییەکان لە رێورەسمی بەخاکسپاردنی رووفاتی ئەو ١٤٠ کەسە لە قوربانیانی گوندی کۆجۆ، گوتارێکی ھەریەک لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشکەش کران.
سەرەتا نوێنەری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نەوزاد ھادی رایگەیاند کە کوردانی ئێزدی لەسەر جیاوازیی ئاینیی کۆمەڵکوژکران و گوتی: "کۆمەڵکوژی گوندی کۆجۆ بۆ ئێمە، رووداوێکی خەمبار و سامناک بوو".
نەوزاد ھادی باسی لەوەشکرد کە ئەوەی بەرامبەر کوردانی ئێزدی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە ئەنجامدرا، ئامانج لێی تێکدانی پێکەوەژیان بوو و گوتی: "ھەوڵەکانمان بەو ئاراستەیە دەخەینە گەڕ کە کوردانی ئێزدی پارێزراو بن".
نوێنەری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نەوازد ھادی گوتیشی: "رێگری لە دووبارە کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی دەکەین".
لای خۆیەوە نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دیندار زێباری ئاماژەی بەوەدا کە بەڵگەی زۆریان لەسەر کومەڵکوژی کوردانی ئێزدی پێشکەش بە ناوەندەکانی نێودەوڵەتیی کردووە.
دیندار زێباری ئەوەشی وەبیرھێنایەوە کە ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە لە شەڕی دژبە داعش شەھید و برینداربوون و گوتی: "رێگری لە دووبارە کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی دەکەین".
نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دیندار زێباری راشیکەیاند کە دەبێت کارئاسانی بکرێت لە گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی شنگال بۆ زێدی خۆیان و گوتی: "نابێت ئاستەنگی سیاسی لە بەردەم ئێدارەی شنگال بمێنێت".
ھەر لەوبارەیەوە کچە رزگاربووی دەستی داعش و چالاکوانی ئێزدی، نادیە موراد گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند کە ھیچ لایەنێک ئێزدییەکانی لە ھێرشی داعش نەپاراست و گوتی: "دەبوایە لەم رێورەسمەدا سەرکۆماری عێراق و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئامادەبوونایە".
نادیە موراد باسی لەوەشکرد کە راستە ھێزی سوپا لە ناوچەکەدا بوونی ھەیە، بەڵام لە رووی ئەمنییەوە کەمتەرخەمی ھەیە.
رووفاتی ئەو ١٠٤ کەس لە قوربانیانی گوندی کۆجۆ دوای ئەوەی لە پزیشکی دادوەریی بەغدا بە ئامانجی ناسينەوەیان پشکنینی DNAیان بۆ ئەنجامدراوە رادەستی کەسوکاریان کرابوونەوە.
کەسوکاری ئەو قوربانیانە پێشتر بە ھاوکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای شەھیدانی حکوومەتی فیدڕال، ئامادەکاریی تایبەتییان بۆ بەخاکسپاردنی رووفاتی قوربانیان ئەنجام دابوو.
رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ ھێرشێکی بەرفراوانی بە مەبەستی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی بۆ سەر ناوچەکانی دەشتی نەینەوا ئەنجامدا و دانیشتوانی گوندی کۆجۆ بەرەورووی گەورەترین کۆمەڵکوژی لە لایەن ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بوونەوە.
گوندی کۆجۆ بە دووری ٢٥ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری قەزای شنگال و بە گەورەترین گوندی ئێزدییەکان و دوا سنووری ناوچەکانی نیشتەجێی ئێزدییەکان دادەنرێت. دانیشتوانی گوندی کۆجۆ بەر لەو کارەساتەی بەرامبەریان ئەنجام بدرێت، ٧٨٠ خێزان بوون و لە عەشیرەتی "مەنتکان"ی ئێزدییەکانن.
رێکخراوی تیرۆریستی داعش ھەزار و ٢٠٠ کەس لە دانیشتوانی گوندەکە رفاند و بە پێی ئامارە نافەرمییەکان، لەو ژمارەیە، ٧٠٠ کەسیان کۆمەڵکوژ کراون کە تا ئێستا رووفاتی ٢٤٦ قوربانی لە لایەن حکوومەتی فیدڕالەوە بە ھەماھەنگیی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان دۆزراونەتەوە و رەوانەی پزیشکی دادی بەغدا کراون کە لەو ژمارەیە تەنیا ١٠٤ کەسیان ناسراونەتەوە.
لە ئێستادا گەڕان بە دوای دۆزینەوەی رووفاتی قوربانیانی ئێزدی لە گۆڕەبەکۆمەڵەکانی دیکە بەردەوامە.