Zana Natık Kerem
25 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 26 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
یەکەم کاروانی ڤاکسینی AstraZeneca لە چوارچیوەی بەرنامەی (COVAX) لە بەریتانیاوە گەیشتە عێراق کە ٣٣٦ ھەزار دۆزە.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، سەیف بەدر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە کە ٣٣٦ ھەزار دۆز ڤاکسینی AstraZeneca گەیشتووەتە عێراق و ئاماژەی بەوەیشداوە کە ئەوە یەکەم کاروانە لەو بەشە زۆرەی کە لە چوارچیوەی بەرنامەی (COVAX) بەم زووانە دەگاتە عێراق.
سەیف بەدر ئاماژەی بەوەیشداوە کە دابەشکردنی ڤاکسینی AstraZeneca بە ئەلیکترۆنی دەبێت گوتی:
"وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق مەبەستی پێدانی ڤاکسینی AstraZeneca لەسەر تۆڕی ئینتێرنێت دەستیکردووە بە بڵاوکردنەوەی فۆرمی زانیاری بۆ ئەو کەسانەی کە خواستی وەرگرتنی ڤاکسینەکەیان ھەیە".
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، سەیف بەدر لەبارەی ڤاکسینی AstraZeneca جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە ئەو جۆرە ڤاکسینە بەپێی ئەوەی لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیھانییەوە پەسەندکراوە، کاریگەریی ھەیە بەپێچەوانەی ئەوەی باس دەکرێت و گوتی:
"رەوشی ئێستای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق، زۆر مەترسیدارە و پێویستە ھاووڵاتییان زیاتر پابەندبن بە رێنماکانی خۆپارێزییەوە".
هاوکات جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، ھێرش سەید سەلیم رایگەیاندبوو کە ٣٣٦ ھەزار ژەم ڤاکسینی ئەسترازێنیکای بەریتانی دەگاتە عێراق و لەو بڕە ٤٣ ھەزار ژەمی پشکی ھەرێمی کوردستانە و گۆڕانکاریش لەو بڕەش پێشبینی کراوە.