Zana Natık Kerem
25 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
گرووپێک کە لە عێراق خۆی بە (رەبعەڵڵا) ناساندووە لە میانی ئەنجامدانی نمایشێکی چەکداری لە بەغدای پایتەخت، ھۆشداریدا لە رادەستکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی ٢٠٢١.
ئەمڕۆ پێنجشەممە گرووپی (رەبعەڵڵا) نماشێکی چەکداری لە ژمارەیەک ناوچەی بەغدای پایتەخت ئەنجامدا کە لە میانیدا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە "ستایشی ھەموو ئەو گرووپانە دەکەین کە چەکەکیان بە رووی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی لە عێراق بەرزکردووەتەوە".
راشیگەیاندووە "ستایشی ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەین کە داوای دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار دەکەن و دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی ھەژاران کە زۆرینەی گەلی عێراق پێکدەھێنن".
گرووپی (رەبعەڵڵا) لە راگەیەنراوەکەدا ھۆشداری داوەتە ژمارەیەک لایەنی سیاسیی کە ھەوڵی دواخستنی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١ دەدەن و ھاتووە:
"ھۆشداری لە رادەستکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی ٢٠٢١ دەدەین".
لە راگەیەنراوەکەدا هەروەها ھاتووە "پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کە لە حکوومەت بەشدارن باش ئەوە بزانن کە لەوە زیاتر بێ دەنگ نابین، ئەگەر مافی گەل لە بوودجەی ٢٠٢١، بەدی نەھێندرێت بە تایبەتیش مافی رۆڵەکانی پارێزگاکانی باشوور".
دوای ئەنجامدانی نمایشە چەکدارییەکە لەلایەن ئەو گرووپەوە، ھێزە ئەمنییەکان رێوشوێنی توندیان لە بەغدای پایتەخت گرتەبەر بە تایبەتیش لە دەورووبەری ناوچەی سەوز.