Arbil
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، گەیشتنی دووەم کاروانی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا لە جۆری ڤایزەر بۆ عێراق راگەیاند.
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە، دووەم کاروانی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا لە جۆری ڤایزەر، گەیشتووەتە عێراق، بێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەکەی بکات و ھاتووە:
"لەمەودوا ھەفتانە ڤاکسینی دژەکۆرۆنا لە جۆری ڤایزەر دەگاتە عێراق و بەسەر فەرمانگە تەندروستییەکان لە بەغدای پایتەخت، پارێزگاکان و فەرمانگە تەندروستییەکانی ھەرێمی کوردستان دابەش دەکرێن".
لە راگەنراوەکە باس لەوەشکراوە کە لەئێستادا سێ جۆری ڤاکسینی دژەکۆرۆنا لە فەرمانگە تەندروستییەکانی بەغدای پایتەخت، پارێزگاکان و فەرمانگە تەندروستییەکانی ھەرێمی کوردستان بەردەستن کە سەرجەمیان سەلامەتن و کاریگەرییان لەسەر ڤایرۆسەکە ھەیە.
لە راگەیەنراوەکەدا ھانی ھاووڵاتییان دراوە کە بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا لە رێگای ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی وەزارەتی تەندورستییەوە خۆیان تۆمار بکەن و ھاتووە:
"وەرگرتنی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا و پابەندبوون بە رێنمایەکانی خۆپارێزییەوە تاکە رێگان بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە".
لە ١١ی ئەم مانگە، یەکەم کاروانی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا لە جۆری ڤایزەر لە ئەمریکاوە گەیشتبووە عێراق کە ٥٠ ھەزار دۆز بوو.
ئەمەیش لە کاتێکدایە بەپێی دوایین ئامارەکان تا ئێستا، ٩٧٠ ھەزار و ٩٨٧ کەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون و لەو ژمارەیەش ١٤ ھەزار و ٩٤٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٨٤٩ ھەزار و ٧١٨ کەسیش چاکبوونەتەوە.