Rewa Mahmood Hasan
18 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 19 نیسان 2021
سلێمانی-AA
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی، سەباح هەورامی رایگەیاند کە ١٦ هەزار دۆز ڤاکسینی ڤایزەر گەیشتۆتە سلێمانی و سبەی دەست دەکەن بە بەکارهێنانی.
سەباح هەورامی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا باسی لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی بەکارهێنانی ڤاکسینی دژبەکۆرۆنا کرد و دواتر وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی:
''لە کۆرۆنادا گەیشتووینەتە قۆناغێک کە ئەوی وەرگرتنی پێکووتەیە لەلایەن هاووڵاتییانەوە لە ماوەکانی پێشوودا یەکەم وەجبەی پێکوتەی چینی گەیشتە پارێزگای سلێمانی و شارەکاتی تری هەرێمی کوردستان. ئێستا ژمارەی پێکوتەکان رۆژ بەرۆژ روو لەزیادبوونە، ئێستا ژمارەی ئەو پێکوتانەی کە گەشتوونەتە دەستمان سێ جۆرن، ئەوانیش سینۆفارمای چینی، ئەسترازێنیکای بەریتانی و ئێستا ڤایزەری ئەمریکیش گەشتۆتە دەستمان".
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی، سەباح هەورامی سەبارەت بە چۆنیەتی بەدەنگەوەهاتنی هاووڵاتییان لە پارێزگای سلێمانی بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە رایگەیاند،''بەخۆشحاڵییەوە هاووڵاتییان پێشوازیەکی باشیان هەیە بۆ پێکوتەکە و لە هەموو پارێزگای سلێمانی-دا، ٣٢ بنکە و لەناو شاری سلێمانی-شدا بەتایبەتی ١١ بنکە پێکوتەکە بەکاردەهێنن و دەمەوێت هاووڵاتییان دڵنیابکەمەوە کە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی خراپ لە وەرگرتنی پێکووتەکە نییە، راستە نیشانەی لاوەکی هەیە، بەڵام سروشتی پێکووتەکە ئەوەیە کە تۆ نەخۆشیەکە دەگریت بەلاوازی، هەرکەسێک نیشانەی هەبوو دەبێت ئاسایی بێت لەلای. ئەو پێکوتانەی گەیشتوونەتە دەستمان هەموویان تایبەتن بە کۆمپانیای گەورە، لەئاستی ئەوەدانین هەڵە قبوڵ بکەن. بۆیە دوودڵ مەبن لەبەکارهێنانی پێکووتەکە".
سەباح هەورامی ئاماژەی بەوەدا کە سیستەمێکی ئۆنلاین دروستکراوە بۆ خۆناونووسکردن بۆ بەکارهێنانی ڤاکسینەکە و گوتی: ''دەمەوێت هاووڵاتییان دڵنیا بکەمەوە کە هەفتەی داهاتوو، ژمارەیەکی زۆر پێکوتە لە هەرسێ جۆری سینۆفارمای چینی، ئەسترازێنیکای بەریتانی و ڤایزەری ئەمریکی دەگاتە پارێزگای سلێمانی، ١٦ هەزار پێکوتەی ڤایزەر دەگاتە سلێمانی، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەم هیچ پەلە نەکەن لە بەکارهێنانی ڤاکسینەکە، چونکە ڤاکسینی ڤایزەر ئێمە لەبەر ئەوەی پرۆتۆکۆڵەکەی جیاوازە، لەو شوێنانەی بەکاردەهێنرێت دەبێت پزیشک ئامادە بێت، لەبەر حاڵەتی نەخوازراو چونکە یەکەمجارە بەکاریدەهێنین. بۆیە بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی بەکاریدەهێنین. دڵنیابن ژمارەیەکی بەرچاو دەگاتە دەستمان".
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی، سەباح هەورامی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکرێت لەلایەن بەرپرسانی تەندروستییەوە ڤاکسینی ڤایزەر تەرخان دەکرێت بۆ بەرپرسان و ڤاکسینی چینیش بۆ کەسانی ئاسایی و هاووڵاتییان بەکاردەهێنرێت گوتی: "تا ئێستا پێکوتەی ڤایزەرمان بۆ کەس بەکارنەهێناوە ئەوانەی دەگوترێت تەنیا دەنگۆی چەند کەسانێکە بۆ مەبەستی بازرگانی''.
سەباح هەورامی هۆشداری ئەوەی دا کە هەموو کەسێک دەتوانێت ڤاکسینەکە وەرگرێت تەنیا ئەوانەی کە نەخۆشی خوێنمەین و نیشانەی نەخۆشی کۆرۆنایان هەیە پێش وەرگرتنی ڤاکسینەکە دەتوانن پشکنین بکەن و پاشان ڤاکسینەکە وەرگرن، چونکە ئەگەر نەخۆشی کۆرۆنای بێت نابێت ڤاکسینەکە وەرگرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی، سەباح هەورامی ئاماژەی بەوەدا کە لە سێ بنکەدا دەست دەکرێت بە پێدانی ڤاکسینی ڤایزەری ئەمریکی ئەویش بەهۆی ئەو پرۆتۆکۆڵەی هەمانە و شێوازی بەکارهێنانەکەی.