Ali Makram Ghareeb
13 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2024
کەرکووک - AA
دانیشتوانی گوندی لزاگە لە قەزای حەویجە-ی سەربە شاری کەرکووک، لە رێگای چەند پارچەیەکی لاکێشەیییەوە، وزەی خۆر کە لە تەواوی سەربانی خانووەکانی گوندەکە دایانناوە، کارەبا بۆ خۆیان دابین دەکەن.
دانیشتوانی گوندەکە ئاماژە بەوە دەکەن وەک یەکەم گوندی شارەکە کە سیستمی وزەی خۆر بەکاردەهێنن، ڕزگاریان بووە لە دەست پچڕانی کارەبا لە وڵاتدا و لە دەرەوەی ماڵەکانیشیان ئەم سیستمە بەکاردەهێنن.
خەلیل عەزاوی کە دانیشتوی گوندی لزاگەیە، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە هەموو ماڵەکانی گوندەکە کە شەش هەزار و ٥٠٠ ماڵن بە سیستمی وزەی خۆر کارەبایان دابین کردووە.
عەزاوی ئاماژەی بەوە کرد کە لە سایەی ئەم سیستمەوە کە دۆستی ژینگەیە لە دەست مۆلیدەی کرێ و پچڕانی کارەبای نیشتمانی ڕزگاریان بووە.
عەزاوی دڵخۆشی خۆی نیشاندا کە بوونەتە پێشەنگی بۆ گوندەکانی دیکە و، باسی لەوە کرد کە لە ئێستادا سێ بۆ چوار گوندی دیکە دەستیان بە بەکارهێنانی هەمان سیستم کردووە.
هەروەها عەزاوی ئەوەی خستەڕوو کە لە پاڵ حەویجە و گوندەکانیدا، قەزا و گوندەکانی دیکەی کەرکووک خواستیان لەسەر ئەم سیستمە هەیە.
هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی عەبدولڕەحمان ئیبراهیم باسی لەوە کرد کە لە سارترین ڕۆژەکانی زستان و گەرمترین ڕۆژەکانی هاویندا ڕۆژانە هەندێک جار ١٥ کاتژمێر کارەبا نییە و، بەڵام لە سایەی سیستەمی وزەی خۆرەوە کێشەی لەم شێوەیان بۆ دروست نابێت.
ئیبراهیم باسی لەوەیش کرد کە بە ڕۆژ سیستمەکە وزەی کارەبایان بەبێ پچڕان بۆ دابین دەکات و شەوانیش لە وزەی عەمبارکراو سوود دەبینن.