Mazın Asad
08 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 11 ئادار 2017
کەرکووک - AA
نەقیب دیار ئەحمەد لە ھێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەی مەکتەب خالید گوتی: "ئەمڕۆ ٥١١ کەس لە حەویجەوە پەنایان بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە بردووە کە زۆربەیان لە ئافرەت پێکدێت".
نەقیب دیار ئەحمەد لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "ئەمڕۆ ٥١١ کەس لە حەویجەوە پەنایان بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە بردووە کە زۆربەیان لە ئافرەت پێکدێت. لەم ماوانەی دواییدا نەک تەنھا لە حەویجە، بەڵکو لە گشت گوندەکانی سەر بەو شارۆچکەیە خەڵکی مەدەنی لەدەست داعش ھەڵدێن. رۆژانەی نزیکەی ٣٠٠ تا ٥٠٠ کەس بەشێوەی گرووپ لەدەست داعش ھەڵدێن".
ئەو فەرماندەیەی ھێزەکانی پێشمەرگە، ئاماژەی بەوە دا کە ئەو ھاووڵاتییە مەدەنییانەی لە ماوەی ھەفتەیەکدا پەنایان بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە بردووە، تەندروستیان خراپە و گوتیشی: "بەھۆی لەکارکەوتنی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی ناوچەکە، رۆژ لە دوای رۆژ تەندروستی خەڵکی ناوچەکە خراپتر دەبێت و ئەویش لەکاتی پەنا بردنیان بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە بەدیار دەکەوێت. بڕیارمان داوە تیمەکانی تەندروستی لە ناوچەی مەکتەب خالید زیاد بکەین کە زۆرترین ئاوارە روو لەوێ دەکەن".
ھاووڵاتییەکی گوندی رەملە-ی سەر بە حەویجە بەناوی رەمزیە موجبیل گوتی: "دوای دوو رۆژ رۆیشتن بە ناوچەکانی ھێزی پێشمەرگە گەیشتین. ساڵانێکە بەھۆی کۆنترۆڵکردنی ناوچە و گوندەکانمان لە لایەن داعشەوە، لە نێو برسێتی، توێنیەتی و ھەژواری ژیان بەسەر دەبەین. کچەکەم و نەوەکانم لە برسێتی و مردن رزگارکرد و لەگەڵ خۆم بۆ ئێرە ھێنام".