Dlshad Saifaalddin Ahmed
20 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 21 تەمووز 2017
سلێمانی - AA
وەزیری پێشووی پێشمەرگە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لە بارەی هۆكاری دواكەوتنی رزگاركردنی قەزای حەویجە رایگەیاند "لە رووی سەربازییەوە پێویست بوو پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ و شوێنەكانی تر، حەویجە و شاخی حەمرین و دەورووبەری پاك بكرایەتەوە و ئازاد بكرایە، دوای ئەوە پڕۆسەی رزگاركردنی مووسڵ دەستی پێبكردایە" .
شێخ جەعفەر لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بۆ ئازادكردنی مووسڵ هێزێكی گەورەی دوژمن لە پشت هێزەكانی عێراقییەوەیە كە لەم ماوەی دەستپێكردنی ئازادكردنی مووسڵ تا ئێستا دەیان عەمەلیەی گەورەیان ئەنجامداوە و دەستی خۆیان وەشاندووە و كۆسپی گەورەیان دروستكردووە لە رێگەی ئازادكردنی مووسڵدا" .
قەزای حەویجە دەكەوێتە دووری 55 كیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای شاری كەركووك، ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی 500 هەزار كەس دەبێت و زۆرینەیان عەرەبی سوننەن ، ئەم قەزایە لە ساڵی 2014 كەوتووەتە دەست چەكدارانی داعش و چەندین جار لەو ناوچەیەوە هێرشكراوەتە سەر شاری كەركووك و كێشەی گەورەیان بۆ ناوچەكە و هێزەكانی پێشمەرگە دروستكردووە، تائێستا چەندین جار بەرپرسانی هەرێم و پێشمەرگە داوای دەستپێكردنی ئازادكردنەوەی شارەكە كراوە لە حكوومەتی عێراقی، بەڵام بەغدا ئەو پڕۆسەیەی دواخستووە بۆ دوای رزگاركردنەوەی مووسڵ و تەلەعفەر.
فەرماندەی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە كە سەرپەرشتی ئەو بەرەیەی شەڕی داعش دەكات هۆكاری دواخستنی ئەو پڕۆسەیە بۆ مەبەستی سیاسی دەگێڕێتەوە، ئەو گوتی:" دواخستنی پڕۆسەی ئازادكردنی حەویجە مەبەستی سیاسی لە پشتەوەیە ، ئەگەر مەبەستێكی سیاسی نەبوایە لە رووی سەربازییەوە هەڵەیەكی گەورەی سەربازیە كە پێش مووسڵ حەویجە ئازاد نەكرا ، بۆیە ئێمە وای دەبینین هۆكاری ئەوە مەبەستی سیاسی لە پشتەوە بێت".
لە بارەی ئەوەی حكوومەتی عێراقی داوای كردبێت پێشمەرگە بەشداری شەڕی رزگاركردنەوەی حەویجە نەكات، شێخ جەعفەر لە وەڵامدا گوتی: "ئێمە هیچ داواكارییەكمان پێنەگەیشتووە بۆ بەشداری نەكردن لە شەڕی حەویجە و نەشمان بیستووە، ئەوەشی روون و ئاشكرا بێت لە لای ئێمە و هێزەكانی هاوپەیمانان و عێراقییەكانیش كە بە هاوكاری و هەماهەنگی هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی هاوپەیمانان پڕۆسەی ئازادكردنی حەویجە و ناوچەكانی تر دەست پێدەكات، ئێمە پێشتر چەند جارێكی تر لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان و وەزارەتی بەرگری عێراق لەسەر ئاستی وەزارەتی پێشمەرگە و ئیدارەی كەركووك كۆبوونەوەمان كردووە و بەرنامەمان هەبووە بۆ ئەوەی كە چۆن حەویجە ئازاد بكەین".
گوتیشی: "بە دڵنیاییەوە دوای ئازادكردنی مووسڵ و تەلەعفەر، دەبێت ئێمە لەگەڵ هێزە عێراقییەكان و هێزەكانی تری هاوپەیمانان دانیشتن بكەین و رێكکەوتنێك بكەین لەسەر بەشداریكردنی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییە عێراقییەكان و هێزەكانی هاوپەیمانان، وەك چۆن بۆ شەڕی مووسڵ دانیشتین و رێكکەوتنمان كرد".
بەرپرسەكەی هێزی پێشمەرگە كە پێشتر وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بووە، جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی هێزی پێشمەرگە رۆڵی كاریگەریان دەبێت لە ئازادكردنی حەویجە و دەورووبەری.
لە بارەی مەرجی پێشمەرگەش بۆ بەشداریكردنی شەڕی رزگاركردنی حەویجە، شێخ جەعفەر لە وەڵامدا گوتی: "ئێمە شەڕ بە مەرج ناكەین، بەلای ئێمەوە گرنگ ئەوەیە كە ئەمڕۆ گەورەترین هەڕەشە لەسەر مرۆڤایەتی و عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانيیە دابڕێنراوەكان داعشە، بۆیە شكاندن و لەناوبردنی داعش و نەهێشتنی ئەو هەڕەشەیە گەورەترین دەستكەوتە بۆ ئێمە، بەڵام بە راستی بە پێی ئەو رێكکەوتنەی كە دەیكەین لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە ئامادەبوونی هێزەكانی هاوپەیمانان، لەوێ رۆڵی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی عێراق و داهاتووی ناوچەكە و جێگیربوونی هێزەكانیش دیاری دەكرێت".
لە كۆتایی لێدوانەكەیدا و لە بارەی مەترسییەكانی حەشدی شەعبی لەسەر ناوچەكانی شنگال و ناوچەكانی تری سنووری هەرێمی كوردستان، ئەو بەرپرسە باڵایەی پێشمەرگە بە نیگەرانییەوە باس لەو مەترسیانە دەكات و دەڵێت "ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی سەیر بكەیت وەك راستییەك هەڕەشەیەكی گەورە دەبینیت لەسەر هەموو ناوچەكە، بەڵام دوای ئەوە نازانین چ رووداوێك دێتە پێشەوە و چی روودەدات و چی دەبێت، بەڵام كە بەو شێوەیە سەیر دەكەیت لە دوای داعش مەترسییەكی گەورە لەسەر ناوچە كوردستانییە دابڕێندراوەكان و لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە ، ئەو مەترسییەش لە لایەن حەشدی شەعبیەوەیە".