ekip
07 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر - AA
وەزارەتی رۆشنبیری ھەرێمی کوردستان داخستنی کەناڵی (NRT)ی بۆ ماوەی ھەفتەیەک راگەیاند.
وەزارەتی رۆشنبیری ھەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە "لەبەر پابەندنەبوونی کەناڵی NRT1 بە رێنمایی تایبەت بە رێکخستنی بواری میدیای بیستراو و بینراو، پشت بەستن بە فەرمانی دادوەر پاڵپشت بە رێنمایی و بڕیار و یاساکان، بڕیارماندا بە راگرتنی پەخشی ئاسایی کەناڵی NRT1 بۆ ماوەی یەک ھەفتە".
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی رۆشنبیری ھەرێمی کوردستان هاتووە "راگرتنی پەخشی ئاسایی کەناڵی یەکەمی NRT بەھەموو جۆرە پەخشەکانیەوە (پەخشی سەتەلایت، پەخشی DVBT، پەخشی ئۆنلاین) و لە بری پەخشی ئاسایی پێویستە بۆ ماوەی یەک ھەفتە، بەچاپکراوی لەسەر سکرینی تەلەفزیۆنەکەیاندا ھەواڵی راگراتنی پەخشی ئاساییان وەکو خۆی بە پیتی گەورە و سپی لەسەر سکرینی رەشدا بڵاوبکەنەوە".
وەزارەتی رۆشنبیری ھەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە "لەباری جێبەجێنەکردنی ئەم فەرمانە، بەپێی رێنمایی و رێکارە یاساییەکان، کەناڵەکە رووبەڕووی لێپرسینەوەی قورستر دەبێتەوە".
دەقی فەرمانەکەی وەزارەتی رۆشنبیری ھەرێمی کوردستان:
فەرمانی کارگێڕی
لەبەر پابەندنەبوونی کەناڵی NRT1 بە رێنمایی تایبەت بە رێکخستنی بواری میدیای بیستراو و بینراو، بەتایبەتی ھەڵسوکەوتکردنی نابەرپرسانەی لەم کاتەدا کە دوورە لە یاسا و لۆژیک و پێچەوانەی ماددەی سێیەم/بڕگەی سێیەمە لە رێنمایی رێکخستنی فریکوینسی سپەیس لە ھەرێمی کوردستان (رێنمایی مۆڵەتی تەلەفزیۆن و رادیۆ)، ناوبردنی ھێزە ئەمنیەکان بە میلیشیا، چەتە و رێگر دوای ئەوەی چەندین جار ئاگادارکراوەتەوە لە بێباکیان لە چەندبارەبوونەوەی سەرپێچییەکان، پشت بەستن بە فرمانی دادوەر پاڵپشت بە رێنمایی ئاماژەپێکراوی سەرەوە و گشت بڕیار و یاساکانی تری پەیوەست بەم پرسە، بڕیارماندا بە راگرتنی پەخشی ئاسایی کەناڵی NRT1 بۆ ماوەی یەک ھەفتە بەمشێوەو رێکارانەی خوارەوە:
- راگرتنی پەخشی ئاسایی کەناڵی یەکەمی NRT بەھەموو جۆرە پەخشەکانیەوە (پەخشی سەتەلایت، پەخشی DVBT، پەخشی ئۆنلاین).
- لە بری پەخشی ئاسایی پێویستە بۆ ماوەی یەک ھەفتە، بەچاپکراوی لەسەر سکرینی تەلەفزیۆنەکەیاندا ھەواڵی راگراتنی پەخشی ئاساییان وەکو خۆی بە پیتی گەورە و سپی لەسەر سکرینی رەشدا بڵاوبکەنەوە. (لەگەڵ ئەم فەرمانەدا دەقەکەی ھاوپێچکراوە).
- پێویستە کەناڵەکە لەکاتژمێری ١١.٣٠ی دووشەممە رێکەوتی ٧/١٢/٢٠٢٠ پەخشی ئاسایی رابگرێت تاکو کاتژمێر ١١.٣٠ی یەکشەممە رێککەوتی ١٣/١٢/٢٠٢٠.
لەباری جێبەجێنەکردنی ئەم فەرمانە، بەپێی رێنمایی و رێکارە یاساییەکان، کەناڵەکە رووبەڕووی لێپرسینەوەی قورستر دەبێتەوە..