Rewa Mahmood Hasan
07 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2020
سلێمانی - AA
بەرپرسی بەشی بەرنامەکان لە NRT، رێبوار ئەوڕەحمان رایگەیاند "کاتژمێر ٠٢:٠٠ی ئەمڕۆ ھەستمان کرد کە پەخش راگیراوە، برادەرانمان ئاگادار کردەوە و ھاتین سەیرەکەین کۆمەڵێک ئاسایش لەگەل ھێزێکی تایبەتدا داویانە بەسەر بیناکەدا و کارمەندی خەفەریان کردۆتە دەرەوە و بیناکەیان داخستووە.
رێبوار ئەوڕەحمان گوتی: "دواتر سەرلەبەیانیەکەی بڕیارێکیان بۆ ھێناین کە وەزارەتی رۆشنبیری تا یەک ھەفتەی تر بڕیاری داخستنی سەرجەم کەناڵەکانی NRTی داوە".
گوتیشی: "ئێستاش ھێزێکی پۆلیسی فریاکەوتن لەبەردەم بینای تەلەڤیزیۆنەکەدان".
وەزارەتی رۆشنبیری ھەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە "لەبەر پابەندنەبوونی کەناڵی NRT1 بە رێنمایی تایبەت بە رێکخستنی بواری میدیای بیستراو و بینراو، پشت بەستن بە فەرمانی دادوەر پاڵپشت بە رێنمایی و بڕیار و یاساکان، بڕیارماندا بە راگرتنی پەخشی ئاسایی کەناڵی NRT1 بۆ ماوەی یەک ھەفتە".
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی رۆشنبیری ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە "راگرتنی پەخشی ئاسایی کەناڵی یەکەمی NRT بەھەموو جۆرە پەخشەکانیەوە (پەخشی سەتەلایت، پەخشی DVBT، پەخشی ئۆنلاین) و لە بری پەخشی ئاسایی پێویستە بۆ ماوەی یەک ھەفتە، بەچاپکراوی لەسەر سکرینی تەلەفزیۆنەکەیاندا ھەواڵی راگراتنی پەخشی ئاساییان وەکو خۆی بە پیتی گەورە و سپی لەسەر سکرینی رەشدا بڵاوبکەنەوە".
وەزارەتی رۆشنبیری ھەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە "لەباری جێبەجێنەکردنی ئەم فەرمانە، بەپێی رێنمایی و رێکارە یاساییەکان، کەناڵەکە رووبەڕووی لێپرسینەوەی قورستر دەبێتەوە".