Zana Natık Kerem
07 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر ــ AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا، جۆیل رایبورن چۆنیەتی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی بۆ کێشەی سووریا تاوتوێ کرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە فوئاد حوسێن و جۆیل رایبورن لە پەراوێزی کارەکانی کۆڕبەندی گفتوگۆی ٢٠٢٠ی مەنامە، کۆبوونەتەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، چۆنیەتی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی بۆ کێشەی سووریا تاوتوێ کراوە و لەوبارەیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن راگەیاندووە کە حکوومەتی عێراق گرنگی بەوە دەدات ململانێیەکان لە سووریا کۆتایییان پێ بھێندرێت، ھەروەھا دۆسیەی ئاوارەکان یەکلایی بکرێتەوە و کەشێکی ئارامیش بە ئامانجی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان برەخسێندرێت و گوتی: "ستایشی سەرجەم ئەو ھەوڵانە ئاشتیخوازانە دەکەین کە بۆ کۆتایی ھێنان بە نەھامەتییەکانی گەلی سووریا خراوەنەتەگەڕ".
باس لەوەشکراوە کە سەبارەت بە رۆڵی وڵاتانی ھەرێمیی و نێودەوڵەتی لە چارەسەرکردنی کێشەی سووریا گفتوگۆکراوە.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە فوئاد حوسێن رایگەیاندووە "بەردەوامبوونی شەڕ و پێکدادانەکان لە سووریا، کاریگەری خراپی لەسەر رەوشی ئەمنی وڵاتانی دراوسێی سووریا دەبێت، بۆیە لە بەرژەوەندی عێراق و وڵاتانی دیکەی دراوسێی سووریادایە کە کۆتایی بھێندرێت بە کێشەی ئەو وڵاتە".