Zana Natık Kerem
16 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی فەرمانی دا بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان کە بە ئامانجی راگرتنی کردەی بەقاچاخبردن، زیانگەیاندن بە ئابووری وڵات و پاراستنی بەرھەمی ناوخۆیی، دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان دابخەن.
دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، عومەر عەدنان وائیلی بەشداری کردووە لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی لایەنەکانی ناپەیوەستدار بە وەزارەتەکان و دەستە سەربەخۆکان کە بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی سازکراوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، عومەری عەدنان وائیلی رایگەیاندووە لە کۆبوونەوەکەدا، مستەفا کازمی ستایشی ئەو رێوشوێنانەی کردووە کە دەستەی دەروازە سنوورییەکان بە ئامانجی زیادکردنی داھاتەکانی دەوڵەت گرتوونەتیەبەر.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، عومەر عەدنان وائیلی ئاشکرایکردووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، مستەفا کازمی رەزامەندی نیشانداوە فەرمانبەرانی دەزگای ھەواڵگریی بگوازرێنەوە سەر میلاکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان.
باسی لەوەشکردووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانیداوە بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان بە ئامانجی راگرتنی کردەی بەقاچاخبردن، زیانگەیاندن بە ئابووری وڵات و پاراستنی بەرھەمی ناوخۆیی، دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان دابخەن.