Zana Natık Kerem
16 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق رایگەیاند کە گرنگە سەرجەم دامەزراوە گشتیی و تایبەتییەکان پابەندین بە بڕیار و رێنماییەکانی لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانیی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19).
لە راگەیەنراوێکی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراقدا ھاتووە "لە چوارچێوەی رێنماییەکاندا، بڕیاریدراوە بۆ دەسپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، بەپێی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خۆپارێزیی، ھەفتانە یەک رۆژ لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی کەرتی گشتیی و کەرتی تایبەتدا دەوام بکرێت".
ئاماژە بەوەیشدراوە، ئەو بڕیارە کە لە بەرژەوەندی پاراستنی تەندروستیی ھەمووان دەکراوە، تەنھا بۆ قۆناغی ئێستایە و باس لەوەشکراوە کە وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق و لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانیی بە ھەماھەنگی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیھانی بەدواداچوون بۆ پێشھاتەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەن بۆ ئەوەی لە داھاتوودا، بڕیار لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییاندا بدرێت.
ئەمەیش لە کاتێکدایە تا ئێستا ، ٥١٩ ھەزار و ١٥٢ کەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش ١١ ھەزار و ٦٧٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٤٤٧ ھەزار و ٣٩ کەسی دیکەیش چاکبوونەتەوە.