Sarmand Hameed
09 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 10 تەمووز 2021
هەولێر - AA
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی سەربە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما لە رۆژی ھەینی تا کۆتایی ھەفتە بەرزبوونەوەی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت بە بەراورد لەگەڵ پلەکانی گەرمای رۆژی پێنجشەممەدا.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پێشبینییەکانی لەبارەی پلەکانی گەرمای ھەفتەی داھاتوو، بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە "بەھۆی زیادبوونی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی وەرزی گەرمی ساڵانە، پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما لە رۆژی ھەینی تا کۆتایی ھەفتە بەرزبوونەوەی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت بە بەراورد لەگەڵ پلەکانی گەرمای رۆژی پێنجشەممەدا، بەڵام لە نێوان ھەردوو رۆژێکدا نزمبوونەوەیەکی کەمیش روو دەدات".
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما لە ھەولێر، سلێمانی و دھۆک (٤٢-٤٥) پلەی سیلیزی، لە کەرکووک و ھەڵەبجە (٤٤-٤٦) پلەی سیلیزی و لە ناوچەکانی گەرمیان و خانەقین (٤٦-٥٠) پلەی سیلیزی بێت.