Sarmand Hameed
09 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2021
هەولێر - AA
وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی رایگەیاند، پێشبینی ھەڵکشانی سێیەم و ئەگەر و گومانی بڵاوبوونەوەی جۆر و زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرێت و ئاشکرایشی کرد کە بۆ یەکەمجارە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە کیت و پێداویستی تایبەت بە دەستنیشانکردنی جۆری دەلتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە ھەرێمی کوردستان دابینکراوە.
سامان بەرزنجی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پەیامێکی بڵاوکردەوە.
وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان نووسیوویەتی: "پڕۆسەی پێدانی ڤاکسین پێشووەچوونی بەخۆیەوە بینیوە، زیاتر لە ٣٩٩ ھەزار ژەمەڤاکسینی کۆڕۆنا لەلایەن دانیشتوانی ھەرێمی کوردستانەوە وەرگیراوە، لەوانە زیاتر لە ٢٥٥ ھەزار ھاووڵاتیی کە دەکاتە رێژەی لەسەدا ٧.٨ی ئامانج ژەمی یەکەم و زیاتر لە ١٤٤ ھەزار ھاووڵاتی کە دەکاتە رێژەی لەسەدا ٤.٤ی ئامانج ژەمی دووەمی ڤاکسینی کۆڕۆنای وەرگرتووە".
سامان بەرزنجی راشیگەیاندووە کە پێشبینی ھەڵکشانی سێیەم و ئەگەر و گومانی بڵاوبوونەوەی جۆر و زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان دەکرێت.
وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان نیگەرانی لە بەرزبوونەوەی ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا دەربڕیوە و نووسیوویەتی: "بەداخەوە جارێکی دیکە ژمارە و رێژەی تووشبووان و نووستن لە نەخۆشخانەکان بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیادبووە و دووھێندی ھەفتەکانی پێشووە".
سامان بەرزنجی داوایشی لە ھاووڵاتییان کردووە پابەندی رێنماییەکان و بن و رایگەیاندووە "تکایە بەھەندی وەربگرن و رێکاری خۆپارێزی بگرنەبەر بە پۆشینی ماسک و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و قەرەباڵخی، ئاگاداری خۆتان و خانەوادە و منداڵەکانتان بن با ھەموومان ھاوکار و پاڵپشت بین و رێگەبگرین لە ھەڵکشانی توندی نەخۆشیەکە و کوردستانمان بپارێزین".
جەختیشی لە پێویستی پابەندبوونی شوێنە گشتییەکان بە مەرجە تەندروستییەکان بن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سامان بەرزنجی دڵنیایی داوەتە هاووڵاتییان کە وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ئامادەکاری زیاتری رووبەڕووبوونەوەی ھەر ھەڵکشانێکی نوێ دەکات.
بەپێی دوایین داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتیی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ١٩٢ ھەزار و ٢٦٣ کەس کە چوار ھەزار و ٥٢٥ یان دوای تووشبوون بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە و ١٧٨ ھەزار و ٦٦٣ یان دوای چارەسەری پزیشکیی چاکبوونەتەوە.