عێراق

کەسوکاری ئەنفالکراوان لە بیابانی کاکی بە کاکیدا بە دوای ئاسەواری شەهیدەکانیاندا دەگەڕێن

کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال بە دەست و چنگیان خۆڵی بیابانەکەیان هەڵدەدەنەوە و دەڵێن بەڵکو ناسنامەیەک بەڵگەیەک شتێکی شەهیدەکانمان بدۆزینەوە و بزانین کە لە کوێ بەخاک سپێردراون.

Hemin Othman Mohammed  | 01.05.2025 - نوێکردنەوە : 01.05.2025
کەسوکاری ئەنفالکراوان لە بیابانی کاکی بە کاکیدا بە دوای ئاسەواری شەهیدەکانیاندا دەگەڕێن

Arbil

سلێمانی – AA

بە ئومێدی دۆزینەوەی ئاسەوارێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوانیان، ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال لە کاتی سەردانی گرتووخانەی نوگرە سەلمان بە دەست و چنگیان لەو گۆڕانە دەگەڕان کە شەهیدەکانیان تێدا بەخاک سپێردراوە.

وەک تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو لە کاتی ڕۆماڵی سەردانی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفالدا بۆ گرتووخانەی نوگرە سەلمان، کۆمەڵێک لەو کەسانەمان بەدی کرد کە هاوسەفەرمان بوون و لە بیابانی دەوری گرتووخانەکە بە دوای ئاسۆیەکدا دەگەڕان بەشکم ئاسەوارێک لەکەسوکاری شەهیدیان بدۆزنەوە.

ئەوە بووە جێی سەرنج کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال بە دەست و چنگیان خۆڵی بیابانەکەیان هەڵدەدایەوە و دەیانگوت بەڵکو ناسنامەیەک بەڵگەیەک شتێکی شەهیدەکانمان بدۆزینەوە و بزانین کە لە کوێ بەخاک سپێردراون.

حەسیبە عەلی ئەحمەد کە یەکێک بوو لەو کەسانەی ژمارەیەک لە کەسوکاری نزیکی بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوون و شەهید بوون بە دەم گریانەوە قسەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کرد و، ڕایگەیاند: "برایەکم شەهید بووە، خوشکێکم بە سێ منداڵەوە، برازایەکم و دوو پورزام. ئەوانی دیکەش کە لەگەڵیان شەهید بوون خزم و کەسوکار و ناسیاون".

گوتیشی: "بۆ ئەوە دەگەڕێین بەشکم ناسنامەیەک شتێکی کەسوکارمان بدۆزینەوە، بۆ ئەوەی دڵنیابین کە لێرە بە خاک سپێردراون".

هاووڵاتییەکی دیکەی بە ناوی فاتمە هادی کە بە دوای چارەنووسی کەسوکاری ئەنفالکراوانیدا دەگەڕێت، بە دڵی پڕ هەنسک و چاوی پڕ فرمێسک و گریانەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵو ڕایگەیاند: "نۆ کەسم ئەنفالە، پێنج خوشکم و سێ برام و دایکم، لەگەڵ براژنم و کوڕێکی ئەنفال کراون، بەس خۆم ڕزگارم بووە، هیچ کەسم نەما".

خاتوو فاتمە باسی لەوە کرد کە ئەو کاتی ئەنفالەکە تەمەنی ٢٥ ساڵان بووە و، لە کفری بووە بۆیە لەگەڵ کەسوکاریدا بەر شاڵاوەکانی ئەنفال نەکەوتووە و، گوتی: "ئەو کات تەمەنم ٢٥ ساڵ بوو. من سجنم نەبینی، من لە کفری بووم، من نەمزانی ئەنفال دەکرێت، ئەم ئەنفالە لە ناکاودا کرا، من کە لە کفری بووم گوتیان ئەنفال کرا، هەر ئەوەندە دەزانم، ئیتر هیج نازانم".

گوتیشی: "کاتێک من گەڕامەوە کەسوکارم گشتیان برابوون، کەسم نەما. ماڵی خاڵۆم و پوورم گشتیان بە خێزانی تیاچوون. ئاوایی ئێمە (کانی عوبێد) کەسی ڕزگاری نەبوو. هەمووی بە خێزانەوە تیاچوون. کەسمان نەما ئێمەیش بۆ خەفەت خواردن ماوینەتەوە، دەسەڵاتمان نییە. لە خەفەتاندا تێر دەگرین و خۆمان دەکوتین، بەلام سوودی هیچیشی نییە، بەخوا خەفەتەکەمان زۆرە. ئەڕۆم بۆ لای گۆڕە بەکۆمەڵەکان برا جوانەکانم خوشکە جوانەکانم هەموویان کران بە ژێر خۆڵەوە، دەچمە سەر گۆڕەکان دەگریم. نازانم کامە گۆڕیانە. بەس دەڵێن گۆڕەکانیان ئیتر نازانم. ئێسکیشیان نەماوە بە قوربانیانبم".

یەکێکی دیکە لە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال بە ناوی سەبیحە ئەحمەد حەیدەر بە دەم گریان و لاوانەوە قسەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کرد و، ڕایگەیاند: "حەوت مانگ لە دوبز سجن بووم، خوشکم، دایکم، باوەژنم، برام گشتیان ئەنفالە. هاتووین دەڵێم بەشکم ئێسک و پروسکەکەشیان بێت بیبەینەوە، ئێمە داواکاری هیچ شتێکمان نییە. تەنیا داوامان لە حکوومەت ئەوەیە ئێسک و پروسکەکانمان بۆ بهێنێتەوە. نە خانوومان دەوێت نە پارە و نە هیچ، تەنیا و تەنیا ئێسک و پروسکەکانیمان بۆ بهێننەوە".

عاسی ئەحمەدی کە لەبەر گریان قسەی بۆ نەدەکرا بەس ئەوەندەی گوت: "باوکم، مامەکانم، خاڵەکانم، ئامۆزاکانم و خوشکم هەموویان ئەنفالن، هاتووین بۆ ئێرە ئەگەر ئێسک و پروسکیشیان بدۆزینەوە دڵمان ئۆقرە بگرێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın