Ekip
25 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 26 حوزەیران 2021
بەغدا - AA
بەپێی سەرچاوەیەکی ئەمنی، شەوی رابردوو بۆمبێکی چێندراو بە پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق لە پارێزگای کەرکووک تەقیوەتەوە و بووەتە ھۆی گیانلەدەستدانی پێنج کارمەندی پۆلیس.
ئەفسەرێک لە پۆلیسی کەرکووک، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لەرێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، رایگەیاند، "بۆمبێکی چێندراو، کە ئەگەری زۆرە چەکدارانی رێکخراوی داعش دایاننابێت، بە ئۆتۆمبیلێکی سەربازی لە ناوچەی دۆڵی شای لە شارۆچکەی داقووقی سەر بە پارێزگای کەرکووک تەقێندراوەتەوە".
ئەفسەرەکە گوتیشی، "تەقینەوەکە گیانلەدەستدانی پێنج کارمەندی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق کە لە ناو ئۆتۆمبیلەکەدا بوون لێکەوتووەتەوە".
سەرچاوە ئەمنییەکە، ئاماژەی بەوەش کرد کە دوای تەقینەوکە ھێزەکانی پۆلیس و سوپا کێوماڵێکی بەرفراوانیان لە ناوچەکە دەستپێکردووە.
ھاوکات، تاکو کاتژمێر ٨ی بەیانی ھیچ راگەیەندراوێکی فەرمی لەسەر رووداوەکە بڵاونەکراوەتەوە.
لەماوەی سێ مانگی رابردوودا، پەلامارە چەکدارییەکان کە گومان دەکرێت لەلایەن "داعش"وە ئەنجامدرابێت بە تایبەتی لە ناوچەی نێوان پارێزگاکانی کەرکووک و سەڵاحەددین (باکوور) و پارێزگای دیالی (رۆژھەڵات)، کە بە "سێگۆشەی مەرگ" ناسراوە، رووی لە ھەڵکشان کردووە.