Rewa Mahmood Hasan
25 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 26 حوزەیران 2021
دەربەندیخان - AA رەوا حاجی
لە زۆرێک لە وڵاتاندا ماسی سەروەتێکی نیشتمانییە، ماسی دەریا، ماسی حەوز لەگەڵ ماسی رووباڕەکان سەرچاوەی بژێوی و داهاتی ئاژەڵدارین لە وڵاتان.
هەر لە کۆنەوە ماسی لە دەریاچەکانی هەرێمی کوردستان راوکراوە و لە بازاڕەکاندا ساغ کراوەتەوە، بەڵام بەهۆی کەمی رووباڕەکان و نەبوونی دەریا، لەرێی دروستکردنی حەوزەوە بیر لە زۆرکردنی ئەو بەرهەمە گرنگە کراوەتەوە.
لە هەرێمی کوردستان ماسی دەریاچە و رووباڕەکان جۆرەها ماسی لەخۆدەگرن کە خۆی لە ماسییە سوورە، سمێڵە، کوڵە، مشارە، سلڤەر، پانکە و چەندانی تردا دەبینێتەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو ساڵێکدا و لە وەرزی زاووزێی ماسییەکاندا، قەدەغەی راوکردنی ماسی رادەگەیەنێت، ئەویش بە ئامانجی زیاترکردنی ئەو بەرهەمە لە ئاوی رووباڕ و دەریاچەکاندا.
لە پارێزگای سلێمانی و دەورووبەری، هەریەک لە دەریاچەکانی دووکان و دەربەندیخان لەسەر زێی بچووک و ئاوی رووباری سیروان سەرچاوەیەکی سەرەکیین بۆ بەرهەمی ماسی کە خۆی لە چەندین جۆردا دەبینێتەوە.
هەموو ساڵێک لە ١٥ی حوزەیراندا، کاتی هەڵگرتنی قەدەغەی راوەماسییە دوای سێ مانگ، بۆ بەرەبەیانەکەی ماسیگرەکان بە خۆیان و تۆڕەکانیانەوە بە بەلەمێک دەچنە نێو ئاوی دەریاچەی دووکان و دەربەندیخان و یەکەم راوی دوای وەرزی زاووزێکردن دەکەن.
رووباری سیروان کە سەرچاوەی ئاوەکانی لە چەم و کانیاوەکانی ئێرانەوە دێت و دوای ئەوەی دەگاتە دەربەندیخان بەهۆی دروستکردنی بەنداوێکەوە لەسەری، دەریاچەکەی گلدانەوەی ئاوی دروست کردووە.
دەریاچەکە بەدووری ٥٠ کم دەکەوێتە باشووری شاری سلێمانی-یەوە و سەرچاوەیەکی گرنگی بەرهەمی ماسییە.
عەزیز ئەحمەد کە ماوەی ٢٠ ساڵە سەرقاڵی راوەماسییە باس لەوە دەکات ئەمساڵ بەرهەمی ماسی بەتەواوی کەمی کردووە، بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی دەریاچەکەوە و دەڵێت ''ماسی گەرا لە نزیک کەنارەوە دادەنێت، بەهۆی ئەوەی رۆژانە پێنج سم-بۆ ١٠ سم ئاستی ئاوی دەریاچەکە کەمی کردووە لە وەرزی گەراداناندا، بۆیە زۆربەی گەراکان کەوتوونەتە وشکانی و بەو هۆیەوە فەوتاون و ماسی کەم بووەتەوە".
ئەو ماسیگرە باس لەوە دەکات کە زۆربەی ماسییەکان بەهۆی دەنگی ماتۆڕ و هاتوچۆی بەلەمەکانەوە لەترسا دەچنە قوڵایی ئاوی دەریاچەکە، هەر بۆیە لەئێستادا کەمترین ماسی لەسەر رووەکەی بەدی دەکرێت و کەمترینیان بەر تۆڕی راوچییەکان دەکەون. بۆیە رسقیان لە ماسی گرتندا کەمی کردووە.
-رۆژێک پێش هەڵگرتنی قەدەغەی راوەماسی تۆڕەکان هەڵدەدەن
عەزیز ئەحمەد باسی لەوە کرد کە لە کاتژمێر چواری دوێنێەوە هاتوون بۆ خستنی تۆڕەکانیان و سەرلەبەیانی ئەمرۆ، هاتوونەتەوە بۆ هەڵگرتنەوەی تۆڕی ماسییەکان و گوتی: "رۆژێک پێش هەڵگرتنی قەدەغەی راوەماسییەکە دێین و تۆڕەکان هەڵدەخەین، بۆ ئەوەی تا بەرەبەیان چی ماسی کە پێوەی دەبێت، بیهێنینەوە، بۆیە لە ئێواراندا هەڵیان دەخەین و دوای ١٢ سەعات دێینەوە هەڵیدەگرینەوە، چونکە ئەگەر ماسییەکە لەکاتی گەرمادا بمێنێتەوە ئەوا ئەگەری هەیە بۆگەن بکات بەتۆڕەکەوە، بۆیە بەکاتی فێنکی دەبێت تۆڕەکان لەنێو ئاوەکەدا بێننەوە".
عەزیز محەمەد گوتیشی: ''لە دوێنێوە هاتووین تۆڕمان هەڵخستووە، ئەمڕۆ هەڵامان گرتۆتەوە، یەکی ١٥ هەزار بۆ ٢٠ هەزار کەوتووین".
- جۆری ئەو تۆڕانەی کە ماسی پێ راو دەکەن
سەبارەت بە جۆرەکانی تۆڕ ئەو راوچیەی ماسی ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان بەپێی خواستی خۆیان بۆ گرتنی ماسی گەورە یان بچووک تۆڕەکان هەڵدەدەن و دەڵێت: " تۆڕ هەیە بۆ ماسی سەروو ١٠ کیلۆیی، هەیە بۆ سەروو ٢٠ کیلۆیی، هەشمانە بۆ خوار پێنج کیلۆیی، تۆڕی تایبەتیش هەیە بە ماسی زۆر ورد کە بۆ سوورکردنەوە دەبێت و بە سێ دانەیان کیلۆیەک نابن".
راوچیانی ماسی لە پرۆسەی راوکردنەکەیاندا چەندین تۆڕ دەخەنە نێو بەلەمێکەوە کە بە سەوڵ و بە ماتۆڕیش کار دەکات، لەو شوێنانەی نزیک دەبنەوە لە تۆڕەکە بە سەوڵ کار بە بەلەمەکە دەکەن بۆ ئەوەی دەنگە دەنگی ماتۆڕەکەی ماسییەکان پەرت نەکات و لەو تۆڕە دووریان بخاتەوە کە هەڵیدەخەن، دواتر دوای هەڵگرتنەوەی تۆڕەکان بە ماتۆڕەکە کاری پێدەکەن و دەچنە سەر تۆڕێکی تر کە هەڵیانخستووە.
وەک چارەسەرێک بۆ کەمی ماسی لە ئاوی دەریاچەکاندا، عەزیزی ماسیگر ئاماژە بەوە دەکات کە دەبێت پەنجە ماسی لە جۆری جیاواز لەلایەن بەرپرسانی کشتوکاڵەوە بخرێنە دەریاچەکانەوە و دەڵێت ''دەبێت پەنجەماسییەکی زۆر بکرێتە ئاوەکەوە، نابێت پەنجەماسیی لە جۆری رەقە تێ بکرێت، چونکە گەرای ماسییەکانی تر دەخوات، ئەمەش زیان لە بەرهەمی ماسی دەدات، گەرای ماسی رەقە زوو پێ دەگات، بۆیە گەرای ماسییەکانی تر دەخوات".
دوای ئەوەی ماسیگرەکان لە دەریاچەی دەربەندیخانی سەر رووباری سیروان کە تۆڕەکان هەڵدەگرنەوە، بەپێی شانس و هەڵکەوتەی ئەو ناوچەیەی تۆڕەکەیان لێهەڵخستووە، ماسییەکان هەڵدەگرنەوە و دەیبەنە نزیک کەنار دەریاچە و رووبارەکە، لەوێوە کەسانێک هەن بەناوی ماسی سێڵ کە ماسییەکانیان بە نرخی جوملە لێدەکڕنەوە و ئەوانیش دەیان بەنە بازار بۆ فرۆشتن پاش ئەوەی نرخێکی کەمی دەخەنە سەر، بە دووکانەکانی نێوبازاڕەکانیان دەفرۆشن.
لەنێو ماسیگرەکاندا نەریتێک هەیە کە زۆر کەم حەز دەکەن باس لە رزق و رۆزیی ئەو رۆژەیان بکەن بۆ یەکتر، تاکو زۆرترین بەرهەم بچننەوە لە تۆڕەکانیاندا.
-"ماسی سوورە بە پێنج ساڵ و ماسی بزە بە حەوت ساڵ گەورە دەبن و دەکەونە گەرا دانان''
عەزیز محەمەد ئاماژە بە جۆری ماسییەکانی نێو دەریاچەی دەربەندیخان دەکات و گوتی: "ماسی ئەم دەریاچەیە پێشتر تەنیا بزە و کوڵە و سوورە ماسی بوو، بەڵام ئێستا بەرەو لەناوچوون دەچن. لە حەفتاکاندا گەرای ماسییەکیان تێ کرد پێیان دەگووت، ماسی زەراعە زۆر گرنگ بوو، دواتر لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا بەهۆی کەمتەرخەمی و گوێ پێنەدانی بەرووبوومی ماسییەوە، چەندین جۆری قەدەغەی راوەماسی ئەنجام دەدرا لەوانە بە قومبەلە، بەکارەبا، وێرانیان کرد و ئەم دەریاچەیەیان فەوتاند. چارەسەریش ئەوەیە نابێت بهێڵدرێت، تۆڕی ورد بخرێتە نێو ئاوی دەریاچەکە".
ئەو ماسیگرە باس لە چۆنیەتی گەشەکردنی جۆرەکانی ماسی دەکات و دەڵێت ''گەرای ماسی سوورە بە پێنج ساڵ و ماسی بزە بە حەوت ساڵ گەورەدەبێت، درەنگ دەکەونەوە گەرا دانان، ئەو پەنجەماسییەی تێی دەکرا کە پێی دەگوترا ماسی زەراعە، بە شەش مانگ گەورە دەبێت و دەتوانێت بکەوێتە گەرا دانان، ئەوانەش لە جۆرەکانی، کارب، سەلەمۆن و چەند جۆرێکی تر".
جوامێر عەزیز یەکێکی دیکەیە لە ماسیگرەکان و باس لە هۆکاری کەمی ماسییەکان دەکات و دەڵێت "هەموو ساڵێک پێش کرانەوەی وەرزی راوە ماسی گڕوتینێکی زۆرمان هەیە، بەلەمەکان بۆیاخ دەکەین، سەرقاڵی تۆڕەکان دەبین، تۆڕی تازە دەکڕین، بە گڕوتینێکەوە دێین، بە نیازی سوودی باش دەبین، بەڵام ساڵ لەدوای ساڵ خراپتر دەبێت و ئەمساڵ دۆخی راوەماسی زۆر خراپ بوو، بێ بەرنامەیی راوچییەکان و نەبوونی چاودێری وردی پۆلیسی دارستان لە کاتی وەرزی قەدەغەی راوی ماسیدا، شپرزەیی لە کردنەوەی وەرزی راوەماسیدا، هەموو ئەمانە وای کردووە، ئەمساڵ دەستپێکی کردنەوەی وەرزی راوەماسی بە خراپی تێپەڕێت".