Dlshad Saifaalddin Ahmed
16 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2019
سلێمانی ـ AA
لەنێو دوکانێکی بچووکی قەزای دەربەندیخان (٦٦ کیلۆمەتر باکووری رۆژھەڵاتی سلێمانی) لە پێناو پەیداکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکەی درێژە بە پیشەیەک دەدات کە لە ئێستادا لە ھەرێمی کوردستان زۆر کەمبووەتەوە و بەرەو نەمان دەچێت، ئەویش پیشەی پینەچێتی و پینەکردن و دوورینەوەی پێڵاو و جانتای ئافرەتانە.

عەلی سوبحان لە دایکبووی ساڵی ١٩٥١ی دەربەندیخانە و ماوەی ٣٩ ساڵە کاری پینەچێتی دەکات و نەخۆشی و سەختی ژیان لە کارەکەی دانەبڕیوە.
ئەو لە بارەی سەرەتای کارەکەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "لە ساڵی ١٩٧٧ چوومە بەغدا و لە دوکانێکدا لەوێ فێری ئەم کارە بووم، دواتر لە ساڵی ١٩٨٠ گەڕامەوە دەربەندیخان و دوکانێکم بۆ خۆم دانا و دەستم بە کاری پینەچێتی کرد و تا ئێستا بەردەوامم لەسەر کارەکەم".

پینەچێتی پیشەیەکی کۆنە و لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان زۆر کەس ئەو کارەیان کردووە و بە ھۆی خراپی دۆخی ژیانی خەڵکەوە زۆرکەس ناچار بوو پێڵاو و جانتا و ئەو کەلوپەلانەی تری کە لە چەرم دروستکرابوون پینە بکات تا ماوەیەکی زیاتر بەکاریان بھێنێت، بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا و بە ھۆی باشتربوونی دۆخی ژیانی ھاووڵاتییان و بەرزبوونەوەی داھاتی تاکە کەسەوە ئەو جۆرە پیشانە بەرەو کەمبوونەوە و لەناوچوون دەچن و کەم کەس ماوەن درێژە بەو کارە بدەن.

عەلی سوبحان لەو بارەیەوە گوتی: "بازاڕی ئەم کارەی ئێمە زۆر کەمبووەتەوە، بەجۆرێک لەئێستادا بژێوی ژیانی خێزانەکەم دەرناکات و دووساڵە کارمان زۆر کەمبووەتەوە، رۆژانە چوار تا شەش ھەزار دینار پەیدا دەکەین کە ئەوەش بڕێکی زۆر کەمە بۆ خێزانێکی چوار کەسی وەک ئێمە".