Dlshad Saifaalddin Ahmed
01 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2018
سلێمانی ـ AA
بەڕێوەبەری گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی كوردستان، فازڵ ئیبراهیم بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ بوومەلەزەیەك لە دووریی 80 كلیۆمەتر لە قەزای دەربەندیخان (66 كیلۆمەتر باكووری رۆژهەڵاتی سلێمانی) بە گوڕی (5،1) پلە بووە بە پێوەری رێختەر رووی دا و ناوچەكەی هەژاندووە".
ئەو گوتی: "سەنتەری بوومەلەرزەكە لە ناوچەی زەهاو لە سنووری پارێزگای كرمانشان لە ئێران بووە بە گوڕی (5،3) پلەی رێختەر، بە هۆی ئەوەشەوە لە هەرێمی كوردستان زیانی گیانی و بەدوادا نەبووە، بەڵام دانیشتووانی گەرمیان و سلێمانی و خانەقین و بەشێكی دیالە و بەغداش هەستیان پێكردووە".
رۆژی 12ی تشرینی دووەمی رابردوو بوومەلەرزەیەكی بەهێز بە گوڕی 7,3 پلە بە پێوەری رێختەر هەمان ئەو ناوچانەی هەژاند و زیانی گەورەی گیانی و ماددی بەو ناوچانە گەیاند.
فازڵ ئیبراهیم گوتی: "لە دوای ئەو بوومەلەرزەیەوە ئامێرەكانمان زیاتر لە هەزار بوومەلەرزەی تریان لەو ناوچانە تۆماركردووە، بەڵام بە هۆی ئەوەی زۆربەیان گوڕەكانیان لە 4 پلە كەمتر بووە لە لایەن هاووڵاتییانەوە هەستیان پێنەكراوە".