جيهان

دەربەندیخان.. باران بارین زیانی گەورەی بە رێگاوبانەكان گەیاندووە

ـ قایمقامی دەربەندیخان، ناسیح مەلا حەسەن: "بە هۆی بەردەوامی باران بارینەوە بڕێكی زۆر باران لە سنووری دەربەندیخان باریوە و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبونی لافاو زیانی گەورەی بە رێگاو بانەكان گەیاندووە".

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 09.12.2018 - نوێکردنەوە : 14.12.2018
دەربەندیخان.. باران بارین زیانی گەورەی بە رێگاوبانەكان گەیاندووە

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

قایمقامی دەربەندیخان ، ناسیح مەلا حەسەن رایگەیاند لە میانی ئەم چەند رۆژەدا و بە هۆی بەردەوامی باران بارینەوە 180 ملم باران لە سنووری قەزاكەیاندا باریوە و كۆی گشتی باران بارینی لە ماوەی ئەمساڵدا گەیاندووەتە 390 ملم.

قەزای دەربەندیخان بە دووری 66 كلم لە باكووری رۆژهەڵاتی سلێمانی دێت.

ناسیح مەلا حەسەن لە بارەی بڕی باران بارین و ئەو زیانانەی بە هۆی زۆری باران بارین و دروستبوونی لافاوەوە لەو یناوچەە دروستبووە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دواو گوتی: "تەنها لە ماوەی ئەم چەند رۆژەدا، 180 ملم باران باریوە و كۆی گشتی باران بارینی لە میانی ئەمساڵدا گەیاندووەتە 390 ملم، ئەوەش یەكەمجارە لە ماوەی 60 ساڵی رابردوودا ئەو رێژە زۆرەی باران لەم ناوچەیەدا باری بێت لە كاتێكدا ساڵی رابردوو تا ئەم كاتە تەنها 70 ملم باران باریبوو".

ئەو گوتی: "زۆری باران بارین و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوو دروستبوونی لافاو زیانی گەورەی بە ناوچەكەمان گەیاندووە و زۆربەی رێگا و بانەكانی دەورووبەری دەربەندیخان تێكچووە و هاتوچۆكردن تیایدا ئەستەم بووە، لەئێستادا تیمەكانمان سەرقاڵی پاككردنەوە و چاككردنەوەی ئەو رێگایانەن".

قایمقامی دەربەندیخان ئەوەشی گوت: "بە هۆی رووخانی پردی دەرەدۆین كە دەربەندیخان و كەلار پێكەوە دەبەستێتەوە رێگای هاتوچۆ لەو رێگا سەرەكییەوە وەستاوە و رێگاكانی تری هاتوچۆی نێوان ئەم دوو شارە فشارێكی گەورەیان كەوتووەتە سەر، ئەمڕۆ تیمەكانی رێگاوبانی سلێمانی و كەلار دەستیان بە رووخاندن و چاككردنەوەی ئەو پردە كردووە و بڕێك بوودجەی بۆ تەرخان كراوە، بەڵام پێویستی بە بوودجەی زیاتر هەیە بۆ دروستكردنەوەی پردەكە".

ناسیح مەلا حەسەن ئاماژەی بەوەش كرد، تا ئێستا ئاماری زیانەكانی باران بارینی ئەم چەند رۆژەیان بە وردی كۆنەكردووەتەوە، بەڵام زیانی ماددی زۆر بەر رێگاوبانەكان و هاووڵاتییانی ناوچەكە كەوتووە.

لەماوەی ئەم چوار رۆژەدا شەپۆلێكی باران بارین هەرێمی كوردستانی گرتەوە، بە هۆی بەردەوامی و زۆری رێژەی باران بارینەوە لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بڕێكی زۆر باران داباریوە و ئاستی ئاو بەرزبووەتەوە و لە چەندین ناوچەش بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبونی لافاو زیانی بەدوای خۆیدا هێناوە.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın