Ozhin Jola
06 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2020
کەرکووک - AA
ماوەی چوار رۆژە کرێکارانی گرێبەست لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بۆ داواکردنی گەڕاندنەوەیان بۆسەر کارەکانیان، مانگرتنیان لەبەردەم کۆمپانیای نەوتی باکوور ئەنجامداوە.
ئەو کرێکارانە ژمارەیان ٢٩١ کەسە و ماوەی چەند ساڵێک بوو لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بەشێوازی گرێبەست کاریان کردووە و لەئێستادا، رەزامەندی وەزارەتیان وەرگرتووە بۆ گەڕانەوە، بەڵام کۆمپانیای نەوتی باکوور وەریان ناگرێتەوە.
تەھا عەبدولقادر کە بەشداری مانگرتنەکەی بەردەم کۆمپانیای نەوتی باکووری کردووە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتی: "ئێمە ژمارەیەک کرێکاری گرێبەستین کە ماوەی چەند ساڵێکە خزمەت دەکەین و ساڵی رابردوو، رەزامەندی وەزیری نەوتمان وەرگرت و رێکارەکانمان تەواو کرد و لەگەڵ کۆمپانیای نەوتدا گرێبەستمان ئەنجامداوە، بەڵام تا ئێستا ناھێڵن بچینەوە سەر کارەکانمان".
تەھا عەبدولقادر دەشڵێت "ماوەی ساڵێکە بەبێ کار و وەڵامدانەوە ئێمەیان راگرتووە، بۆیە مانگرتنمان بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی باجەکانمان پێ دەدەن و دەست دەکەین بەدەوام. پێویستە بمانگەڕێیننەوە بۆ کۆمپانیای نەوتی باکوور و سوود لە ئەزموونمان وەربگرن".
وەسیم ئەکرەم یەکێکی ترە لە مانگرتووان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەمە سێیەمجارە گرێبەستی وەزارەتی نەوتیان بۆ دەکرێت و ساڵی رابردوویش بەپێی بڕیاری وەزیری نەوت گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیای نەوتدا کردووە و لەناو کۆمپانیایش رێکارە یاسایی و ئیداریەکانیان تەواو کردووە، بەڵام بەڕێوبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور رەزامەندی دەرنابڕێت بۆ کارکردنیان لەنێو کۆمپانیادا.
وەسیم ئەکرەم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتی: "ئێمە ناتوانین لە ھیچ وەزارەتێک دابمەزرێین چونکە ناوەکانمان لە وەزارەتی نەوتدا ھەیە وەک فەرمانبەر، ھەریەک لە ئێمە، شەش بۆ حەوت ساڵ لەناو کۆمپانیای نەوتی باکوور خزمەتمان ھەیە و گرنگە بگەڕێینەوە بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونمان وەربگیرێت".