Ozhin Jola
06 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2021
کەرکووک – AA
لە دوای بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی کۆرۆنای گۆڕاو لە کەرکووک فەرمانگەی گشتیی تەندروستیی کەرکووک، ھەڵمەتێکی مەیدانی بۆ پشکنین و ھۆشیارکردنەوەی ھاووڵاتییان و پاکژکردنی گەڕەکەکانی دەستپێکرد.
لەمبارەیەوە بەڕێوبەری بەشی نەخۆشییە گوازراوەکان لە فەرمانگەی گشتیی تەندروستیی کەرکووک، دکتۆر مونزر نوعمان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو راگەیاند "لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، تووشبوونی ھاووڵاتییان بەڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو بۆ ٣٣ کەس بەرزبووەتەوە".
دکتۆر مونزر نوعمان گوتی: "کۆرۆنای گۆڕاو لە تەمەنی منداڵەوە تا ٦٠ ساڵان دەرکەوتووە و تا ئێتسایش ھیچ کام لەو تووشبوانە چاک نەبوونەتەوە و ژمارەیەکیان لە نەخۆخشانەی شیفا و ژمارەیەکشیان لە ماڵەکانی خۆیاندا کەرەنتین کراون".
بەڕێوبەری بەشی نەخۆشییە گوازراوەکان لە فەرمانگەی گشتیی تەندروستیی کەرکووک باسی لەوەیشکرد، ئەو ڤاکسینە چینیەی کە وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە وڵاتی چینی کڕیوە، چارەسەری چوار نەوەی (کۆڤید-١٩) دەکات و چارەسەریشە بۆ کۆرۆنای گۆڕاو و نەوەیەکی دوای ئەویش.
دکتۆر مونزر نوعمان راشیگەیاند کە لەمڕۆوە، ھەڵمەتی پاکژکردنەوە و پشکنینی کۆرۆنایان لەو گەڕەکانەی کە زۆرترین حاڵەتەکانی کۆرۆنای تیادا تۆمارکراوە دەستپێکردووە و ھەڵمەتەکەیان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان لە پەیڕەوکردنی رێنمایەکانی تەندروستیی و خۆپارێزی بەردەوام بن.
بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک لەسەرتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تا ئێستا زیاتر لە ٣٦ ھەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-١٩ ) بوون و لە ھەفتەی رابردوویشەوە تا ئەمڕۆ، ٣٣ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو بوون.
بەپێی بڕیارەکانی شانەی قەیرانەکانی عێراق لە ھەفتەیەکدا، سێ رۆژ قەدەغەی گشتی ھاتوچۆیە کە ئەوانیش رۆژانی ھەینی، شەممە و یەکشەممەیە و چوار رۆژەکەی تری ھەفتەیش قەدەغەی ھاتوچۆ لە کاتژمێر ھەشتی ئێوارەوە تا شەشی بەیانی رۆژی دواتر بەردەوام دەبێت.