عێراق

سەردانی پاپا فرەنسیس بۆ شاری ئور

- پاپای کڵێسای کاسۆلیکی، پاپا فرەنسیس لە دووەم رۆژی سەردانەکەی بۆ عێراق و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەرجەعی باڵای شیعە، عەلی سیستانی سەردانی شاری مێژوویی ئوری کرد و لەوێ دیداری لەکەڵ نوێنەرانی ئایینەکان ئەنجامدا.

Zana Natık Kerem  | 06.03.2021 - نوێکردنەوە : 07.03.2021
سەردانی پاپا فرەنسیس بۆ شاری ئور

Arbil

ھەولێر ــ AA

پاپای کڵێسای کاسۆلیکی و سەرۆکی دەوڵەتی شاری ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس لە دووەم رۆژی سەردانەکەی بۆ عێراق و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەرجەعی باڵای شیعە، عەلی سیستانی سەردانی شاری مێژوویی ئوری کرد کە بەپێی ژمارەیەک سەرچاوەی مێژوویی شوێنی لەدایکبوونی حەزرەتی ئیبراھیم خەلیل-ە.

لە میانی پێشوازیکردن لە پاپا فرەنسیس لە سەردانەکەی بۆ شاری ئور، سورەتی ئیبراھیم خوێندرایەوە.

لە سورەتی ئیبراھیمدا، حەزەرتی ئیبراھیم خەلیل سوپاسی خوای گەورە دەکات بۆ ئەو نیعمەتانەی کە پێی بەخشیوە.

پاپا فرەنسیس لە سەردانەکەی بۆ شاری ئور بەشداری کرد لە دیداری ئایینیی کە نوێنەرانی ئایینەکانی مەسیحی، ئیسلام، ئێزدی و کاکەیی تیایدا بەشداربوون کە سەرجەمیان باسیان لە ئازادی بیروڕا و پێکەوەژیانی ئاشتییانە کرد.

لە میانی دیدارەکە پاپا فرەنسیس گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند "بە باوەڕی ھاوبەش یەکتر کۆدەکەینەوە".

گوتیشی: "ئاسمان، پەیامی یەکبوونەمان ئاراستە دەکات کە ئەوەیش دەبێتە مایەی پتەوترکردنی برایەتییمان".

پاپای کڵێسای کاسۆلیکی لە بەشێکی گوتارەکەیدا جەختی لەوەکردەوە کە بەھیچ شێوەیەک تیرۆر و توندوتیژیی لە ئایینەوە سەرچاوە ناگرن و گوتی: "کاتێک تیرۆریستان ھێرشیانکردە سەر ژمارەیەک ناوچەی عێراق، پەلاماری بەشێک لە مێژووی شارستانییەتی عێراقیان دا".

پاپا فرەنسیس باسی لەوەشکرد کە ئەرکی سەرشانی ئەوان ئەوەیە، زەوی ئاوەدان بکەنەوە و گوتی:

"ھاتووین بۆ ئەوەی شوێنەکانی ئێرە ئاوەدان بکەینەوە کە باوکمان ئیبراھیم، وەبیردەھێنێتەوە".

پاپای کڵێسای کاسۆلیکی، پاپا فرەنسیس بەشێکی قسەکانی بۆ قوربانییانی ئێزدی تەرخان کرد و گوتی: "ئێزدییەکان بەرەوڕووی قێزەونترین توندوتیژیی بوونەتەوە، بەشێکی زۆرشیان کوژراون و بەخراپی مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە بەتایبەتیش منداڵان".

پاپا فرەنسیس دووپاتیکردەوە کە ئاشتی بەدی نایەت، ئەگەر ھاوکاریی لەنێوان مرۆڤەکاندا نەبێت و گوتی: "تەنھا ئاشتیی پێکەوە کۆمان دەکاتەوە و لە ململانێیەکانیش دوورمان دەخاتەوە".

پاپای کڵێسای کاسۆلیکی، پاپا فرەنسیس لەبارەی قەیرانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایش دوا و گوتی: "بە ھاوکاریی یەکتر و پابەندبوون بە دوورە پەرێزیی کۆمەڵایەتیی لە پەتای کۆرۆنا دوور دەکەوینەوە و خۆمان رزگار دەکەین".

پاپا فرەنسیس لە کۆتایی گوتارەکەیدا گوتی: "ئەگەر خەونی خێزانی مرۆڤایەتیی بەدی بھێنن، ئەوا پێکەوە بەردەوام دەبین".

پاپای کڵێسای کاسۆلیکی، پاپا فرەنسیس لە کۆتایی دیدارەکەدا لە شاری ئور لە پێناو رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، نوێژی یەکگرتوویی ئەنجامدا.

پاپا فرەنسیس دوای ئەنجامدانی نوێژەکەی، کۆتایی هێنا بەسەردانەکەی بۆ شاری ئور و گەڕایەوە بەغدا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın