Zana Natık Kerem
06 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 07 تشرینی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند، پرۆسەی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بەدەست بۆ ئەو وێستگانەی ھەردوو بەری کەرخ و رەسافە کە لەچوارچێوەی پاشکۆی تانەکان لەلایەن کاندیدانەوە بەڵگەیان لەسەر پێشکەش کرابوو، تەواوکراون.
بەپێی میدیا عێراقییەکان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، بە ئامادەبوونی ئەو کاندیدانەی کە تانەیان پێشکەشکردووە و لەگەڵ چاودێرانی نێودەوڵەتیی و ناوخۆیی، ھەروەھا میدیاکاران، پرۆسەی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بەدەست بۆ ئەو وێستگانەی ھەردوو بەری کەرخ و رەسافە کە لەچوارچێوەی پاشکۆی تانەکان لەلایەن کاندیدانەوە بەڵگەیان لەسەر پێشکەش کرابوو، تەواوکراون.
باس لەوەشکراوە کە ئەنجامی وردبینی لە بەڵگەکان بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بەرزدەکرێتەوە، بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەیەوە بدرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە ئەمڕۆ شەممە کۆمیسیۆن بەو بەڵگانەدا، دەچێتەوە کە لەچوارچێوەی پاشکۆی تانەکان بە ئامانجی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بەدەست بۆ ژمارەیەک وێستگەی پارێزگاکانی زیقار، کەرکووک، سەڵاحەددین و نەینەوا پێشکەش کراون.