Heman Hussein Yaseen Yaseen
06 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2019
هەولێر- AA
کاتژمێر ١١ی ئەمڕۆ شەممە، دانیشتنی ژمارە ١٠ی ئاسایی پەرلەمانی کوردستان بەبەشداری سەرجەم فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان، دەستی پێکرد و گفتوگۆ لەسەر سێ پێشنیازی یاسا کرا کە یەک پێشنیازی یاسا بە زۆرینەی دەنگی ئامادەبووان رەتکرایەوە و دوو پێشنیازیش خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا.
ئەمڕۆ شەممە، دانیشتنی ژمارە ١٠ی ئاسایی پەرلەمانی کوردستان بەبەشداری سەرجەم فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان، دەستی پێکرد و بەپێی کارنامەکە، سێ پێشنیازی یاسا گفتوگۆی لەسەرکرا کە بریتیی بوون لە، پێشنیازی یاسای مرۆڤسازی لە ھەرێمی کوردستان، پێشنیازی یاسای بە خاوەنکردنی ئەو زەوییانەی زێدەڕۆییان لەسەر کراوە لە سنووری شارەوانییەکان لە ھەرێمی کوردستان، پێشنیازی یاسای ھەمواری یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٠٩ یاسای پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان.
لە دانیشتنەکەدا بە زۆرینەی دەنگی ئامادەبووان، خوێندنەوەی یەکەمی پێشنیازی یاسای مرۆڤسازی لە ھەرێمی کوردستان رەتکرایەوەو بۆ دوای پێکهێنانی کابینەی ٩ی حكوومەتی هەرێمی کوردستان دواخرا و دوو پێشنیازی یاساش خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا و بڕیاریشە بەیانی یەکشەممە، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات و خوێندنەوەی دووەم بۆ ئەو دوو پێشنیازی یاسایە بکات.
پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان، خەدیجە عومەر لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەبەرنامەی کاری دانیشتنی ئەمڕۆی ژمارە ١٠دا، سێ پێشنیاز هەبوو کە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت، بەڵام دوو پێشنیاز خوێندنەوەی یەکەمی بۆکرا و پێشنیازێکیش خرایە دەنگدان کە پێشنیازی یاسای مرۆڤسازی بوو، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان بڕیاری ئەوەیان دا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ نەکرێت".
خەدیجە عومەر گوتیشی: "سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوایکرد کە بەیانی یەکشەممە، دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دووەم بۆ ئەو پێشنازە یاساییە بکرێت".
لەبارەی هۆکار و ناوەڕۆکی پێشنیازی یاسای بە خاوەنکردنی ئەو زەوییانەی زێدەڕۆییان لەسەر کراوە لە سنووری شارەوانییەکان لە ھەرێمی کوردستان، خەدیجە عومەر گوتی: "لەماوەی رابردوودا هەندێک لە هاووڵاتییان خانوویان لەسەر موڵکی شارەوانی بەشێوەیەکی زێدەڕۆیی دروست کردووە و، ئێستا ناکرێت خانووەکانییان بەسەردا بڕوخێت و دەبێت یاسایەک هەبێت بۆ رێکخستن و چارەسەرکردنی ئەو حاڵەتە و بەیانیی خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت".
ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی ٣٠/٦/٢٠١٩ پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە ٩دا، بە دەنگی ٨٤ پەرلەمانتار لە کۆی ئامادەبووان، بڕیاریدا کە پشووی وەرزی گرێدانی یەکەم لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی ١٥ رۆژ بکاتەوە.