Zana Natık Kerem
08 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیران و فەرماندەیی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی سەردانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرەی کرد و لە میانیدا لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەکان کۆبوویەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە "بەیانی ئەمڕۆ لە مەخموور بووین و پەیامێکی روونمان ئاراستەی تیرۆریستان کرد لەوەی ناتوانن یاریی بە ئاسایشی عێراق بکەن، ھەروەک یەک بە یەکی سەرکردەکانی تیرۆریستانمان لە چالاکی خست و گورزمان لە شانەکانیان وەشاندووە لە بیابان و چیاکان، بەھەمان شێوەیە لە ناوچەکانی عێراق لە بۆسەدا دەبین بۆ تیرۆریستان".
گوتیشی: "لێرەوە پێتان دەڵێم کە خوێنی یەکی عێراقیی سەربە ھەر نەتەوە و ئایینیەک بێت بە لای ئێمەوە زۆر بەنرخە و بە ھەموو ھێزێک بەرەوڕووی ئەو کەسانە دەبینەوە کە ھەڕەشە لە ئاسایشی عێراق دەکەن یان ھەوڵی تۆقاندنی عێراقییەکان دەدەن".
باس لەوەشکراوە کە سەرۆکوەزیران و فەرماندەیی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەیش داوە کە داعش ھەوڵی تۆقاندنی ھاووڵاتییان دەدات و لێرە کەسانێک ھەن ھەوڵی تۆقاندنی دەوڵەت دەدەن کە ھەردووکیان یەک دوژمن و گوتی: "تیرۆریستان ھەوڵدەدەن، ھەوڵەکانی دەوڵەت پەک بخەن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەی و سەرقاڵی بکەن بە گرژی و ئاڵۆزیی".
مستەفا کازمی راشیگەیاندووە کە تاوانی کوشتنی ئەفسەرانی ھێزە ئەمنییەکان، ناپاکییە و گوتی: "درێخی ناکەین لە رووبەڕووبوونەوەی تاوانباران و بە یاسا سزای عادیلانە دەدرێن".
بەپێی راگەیەندراوەکە سەرۆکوەزیرنی عێراق ھەروەھا گوتی: "ھەروەک بکوژانی ھیشام ھاشمی و ئەحمەد سەفامان دەستگیرکرد، بەھەمان شێوەیە یەک بە یەکی تاوانباران دەستگیر دەکەین و دەدرێن بە دادگایش".
مستەفا کازمی جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی، ئەو کەسەی وا بزانێت لەسەرووی دەوڵەت و یاسایە، ئەوا بەھەڵەدا چووە و بە ھێز بەرپەرچی دەدرێتەوە و گوتی: "بە تاوانبارانی تیرۆر و توندئاژۆکان دەڵێم، ھیچ داڵدەدانێکتان نییە و لە تۆڵەی خوێنی شەھیدانمان بەردەوامین لە دەستگیرکردنی تیرۆریستانی داعش و ھەروەھا بکوژان".