09 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
لە رێوڕەسمێکی جەماوەریدا، رووفاتی ٤١ قوربانی گوندی کۆجۆ کە لە بەغداوە گەڕێندرابوونەوە لە گوندی کۆجۆ سەربە قەزای شنگال، بەخاک سپێردران.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، رووفاتی ٤١ قوربانی شاڵاوی کۆمەڵکوژییەکەی گوندی کۆجۆ کە لە ساڵی ٢٠١٤ بەدەست چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە کۆمەڵکوژ کرابوون، گەڕێندرایەوە زێدی خۆیان و بە ئامادەبوونی کەسوکاریان بەخاک سپێردران.
سەرچاوە عێراقییەکان باس لەوە دەکەن کە لە ئەنجامی هەڵدانەوەی بەشێک لە گۆرە بەکۆمەڵەکانی گوندی کۆجۆ، تا ئێستا زیاتر لە ٤٠٠ رووفات دەرهێنراون و بە مەبەستی پشکنینی DNA، رەوانەی پزیشکی دادیی کراون لە بەغدا.
حکوومەتی عێراق رایگەیاندووە کە رووفاتەکان دوای ئەنجامدانی پشکنین و جیاکردنەوەیان رادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە و ئەو ٤١ رووفاتە کاری پشکنینی تەواویان بۆ ئەنجام دراوە.
پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کاروبار و پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە دەزگای شەھیدان سەربە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، زیا کەریم رایگەیاندبوو "سەرجەم ئەو رووفاتانەی کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەرھێندراون، رادەستی فەرمانگەی پزیشکی دادوەریی کراون، بۆ ئەوەی پشکنیی (DNA)یان بۆ ئەنجام بدرێت، ئەوەیش بە ئامانجی ئاشکراکردنی ناسنامە و ناسینەوەیان".
زیا کەریم ئاماژەی بەوەیش دابوو کە فەرمانگەی کاروبار و پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، سامپڵی خوێنی لە کەسوکاری قوربانییەکان کۆکردووەتەوە و فۆرمی تایبەتیش بۆ کەسە بێ سەروشوێنبووەکان پڕکردووەتەوە و سەرجەم کارەکانیان بە رێگای یاسایی و تەکنیکی بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامداوە.
رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ ھێرشێکی بەرفراوانی بە مەبەستی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدیی بۆسەر ناوچەکانی دەشتی نەینەوا ئەنجام دا و دانیشتوانی گوندی کۆجۆ بەرەورڕووی گەورەترین کۆمەڵکوژی لەلایەن ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بوونەوە.
گوندی کۆجۆ بە دووری ٢٥ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری قەزای شنگال و بە گەورەترین گوندی ئێزدییەکان و دوا سنووری ناوچەکانی نیشتەجێی ئێزدییەکان دادەنرێت. دانیشتوانی گوندی کۆجۆ بەرلەوەی ئەو کارەساتە بەرامبەریان ئەنجام بدرێت، ٧٨٠ خێزان بوون و لە عەشیرەتی "مەنتکان"ی ئێزدییەکانن.
رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ھەزار و ٢٠٠ کەسی لە دانیشتوانی گوندەکە رفاند و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لەو ژمارەیە، ٧٠٠ کەسیان کۆمەڵکوژ کراون کە تا ئێستا رووفاتی ٢٤٦ قوربانی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە بە ھەماھەنگیی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان هەرێمی کوردستان دۆزراونەتەوە و رەوانەی پزیشکی دادیی کراون لە بەغدا کە لەو ژمارەیە تەنیا ١٠٤ کەسیان ناسراونەتەوە.
لەئێستادا گەڕان بە دوای دۆزینەوەی رووفاتی قوربانییانی ئێزدیی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دیکە بەردەوامە.