Ahmad shingali
06 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2021
شنگال ــ AA
بڕیارە ئەمرۆ شەممە، ٦ی شوبات، رووفاتی ١٠٤ لە قوربانیانی گوندی کۆجۆ لە رێورەسمێکدا لە زێدی خۆیان بەخاک بسپێردرێن کە لە ساڵی ٢٠١٤دا لە ئاکامی ھێرشی داعش بۆ سەر گوندەکەیان کوژران.
کەسوکاری ئەو قوربانیانە بە ھاوکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و دەزگای شەھیدانی حکوومەتی فیدڕال، ئامادەکاریی تایبەتییان بۆ بەخاک سپاردنی رووفاتەکانیان ئەنجام داوە.
ھاوکات لەگەڵ گەڕاندنەوەی رووفاتی ئەو ١٠٤ قوربانییە، تیمەکانی ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە ناوچەکەدا لەسەر ئەرکی خۆیان بۆ دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی گۆڕی بە کۆمەڵی دیکە لە ناوچەکەدا و دەرھێنانەوەی قوربانیان، بەردەوامن.
ئەو تیمانە ھەروەھا لە چواچێوەی کارەکانیاندا، دەست دەکەن بە کۆکردنەوەی بەڵگەنامە و ناردنی سامپڵی قوربانیان بۆ ئەوەی بناسرێنەوە.
بە پێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، لە رابردوودا ٢٠ گۆڕی بە کۆمەڵی قوربانیانی ئێزدی لە ناوچەکە دۆزراونەتەوە و رووفاتەکان لە لایەن حکوومەتی فیدڕالەوە بە ھەماھەنگیی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری شەھیدانی و ئەنفالکراوان رەوانەی پزیشکی دادی بەغدا کراون.
لە کاتی ھێرشی داعشدا بۆ سەر گوندی کۆجۆ، ھەزار و ٢٠٠ کەس لە دانیشتوانی گوندەکە رفێندراون و بە پێی ئامارە نافەرمییەکان، لەو ژمارەیە، ٧٠٠ کەسیان کۆمەڵکوژ کراون کە تا ئێستا رووفاتی ٢٤٦ رووفاتیان دۆزراونەتەوە و رەوانەی پزیشکی دادوەری بەغدا کراون کە لەو ژمارەیە تەنیا ١٠٤ کەسیان ناسراونەتەوە.
لە ساڵی ٢٠٤١، دانیشتوانی گوندی کۆجۆ بەرەورووی گەورەترین کۆمەڵکوژی لە لایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە بوونەوە.
گوندی کۆجۆ بە دووری ٢٥ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری قەزای شنگال،، ھەڵکەوتووە کە بە گەورەترین گوندی ئێزدییەکان و دوا سنووری ناوچەکانی نیشتەجێی ئێزدییەکان دادەنرێت. دانیشتوانی گوندی کۆجۆ بەر لەو کارەساتەی بەرامبەریان ئەنجام بدرێت، ٧٨٠ خێزان بوون و لە عەشیرەتی "مەنتکان"ی ئێزدییەکانن.
شنگال.. سبەی رووفاتی ١٠٤ قوربانی گوندی کۆجۆ بەخاکدەسپێردرێن