Sarmand Hameed
06 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2021
بەغدا - AA
حکوومەتی عێراق داوایەکی ئێرانی بۆ نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەی مێژوویی ناسراو بە تاقی کسیرا باشووری رۆژهەڵاتی بەغدا، رەتکردەوە.
سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی رابردوو، وەزیری کولتوور و پیشەدەستییەکانی ئێران، عەلی ئەسغەر مونسان دەرخستەیەکی بۆ نۆژەنکردنەوەی تاقی کیسرا لەلایەن شارەزایانی بواری شوێنەواری ئێران پێشکەش بە حکوومەتی عێراق کردبوو.
وەزارەتی رۆشنبیری عێراق بڵاویکردەوە، سەرۆکی دەستەی گشتی شوێنەوار و کولتووری عێراق، لەیس حوسێن داوای لێبووردنی لە باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، ئیرەج مەسجدی کردووە لە قبوڵ نەکردنی دەرخستەکەی ئێران بۆ نۆژەنکردنەوەی تاقی کیسرا.
لەیس حوسێن لە دیدارەکەیدا بە باڵیۆزی ئێران، ئیرەج مەسجدی راگەیاندووە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بۆ پاراستنی شوێنەوار لە ناوچە کێشەلەسەرەکان ئەرکی نۆژەنکردنەوەی تاقی کیسرا دەگرێتە ئەستۆ.
لەیس حوسێن رایگەیاندووە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بۆ پاراستنی شوێنەوار لە ناوچە کێشەلەسەرەکان پێشینەیەکی خێرای بەبڕی ٧٠٠ هەزار دۆلار بۆ کارەکانی نۆژەنکردنەوەی هەیوانی تاقی کیسرا تەرخان کردووە.
سەرۆکی دەستەی گشتی شوێنەوار و کولتووری عێراق، لەیس حوسێن راشیگەیاندووە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بۆ پاراستنی شوێنەوار لە ناوچە کێشەلەسەرەکان لە مانگی شوباتدا شارەزایانی نێودەوڵەتیی رەوانەی عێراق دەکات بۆ دەستپێکردنی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی تاقی کیسرا.
"هەیوانی مەدائین" کە بە "تاقی کیسرا" ناسراوە، شوێنەواری بەجێماوی یەکێک لە کۆشکەکانی کیسرا ئەنۆشێروانە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی ساسانی و دەکەوێتە سنووری شاری قەتسیفوون لە ناوچەی مەدائین کە لەڕووی کارگێڕییەوە سەربە پارێزگای بەغدایە.
هەیوانی مەدائین لەسەردەمی کیسرای یەکەم کە بەناوی "ئەنۆشێروان" ناسراوە، دوای پرۆسەی سەربازیی بۆسەر بێزنتینییەکان لە ساڵی ٥٤٠ بنیاتنرا و موسڵمانەکان لە ساڵی ٦٣٧ دەستیان بەسەرداگرت و گۆڕییان بۆ مزگەوت.