Haydar Karaalp
07 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 08 شوبات 2024
بەغدا - AA
لە هێرشێکی فرۆکەی بێفرۆکەواندا لە بەغدای پایتەختی عێراق، یەکێک لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی هێزی میلیشیای شیعی بەناوی ئهبو باقر ساعیدی کوژرا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی ئانادۆڵو لە شوێنی ڕووداوەکەوە دەستیکەوتووە، لە ناوچەی مەشتەل لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی شیعە مەزهەبن، ئۆتۆمبێلەکەی فەرماندەکەی حەشدی شەعبی ساعیدی کراوەتە ئامانجی هێرشی ئاسمانیی.
ساعیدی کە لە ئۆتۆمبێلەکەیدا بووە، لەو هێرشەدا گیانی لەدەستداوە.
گرووپێک لە خەڵکی ناوچەکە لە کە شوێنی ڕووداوەکە گردبوونەتەوە، دروشمی "نەخێر بۆ ئەمریکا"یان گوتەوە.
دوا بە دوای هێرشەکە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و هێزە ئەمنییەکانیش ڕێوشوێنی ئەمنیی توندوتۆڵیان لە ناوچەکەدا گرتەبەر، لەو دیمەنانەشی كە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتییدا بڵاوکراونەتەوە دەبینرێت کە ئۆتۆمبێلەکە ئاگری گرتووە.
هێشتا حکوومەتی عێراق هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی ڕووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە.