Zana Natık Kerem
09 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، ئەفسەرێكی هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا لە میانی ئۆپەراسیۆنی سەپاندنی ئاسایش و جێبەجێكردنی یاسا لە پارێزگای میسان رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، كوژراوە.
لە راگەیەندراوێكدا شانەی ناوبراو بڵاوی كردەوە كە هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا لە ئۆپەراسیۆنی سەپاندنی ئاسایش و جێبەجێكردنی یاسا لە پارێزگای میسان بەردەوامن.
بەپێی راگەیەندراوەكە، هێزە ئەمنییەكان لە میانی ئۆپەراسیۆنەكەدا، هەڵیانكوتاوەتە سەر حەشارگەیەك لە قەزای قەلعەت ساڵح كە لەلایەن باندێكی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە بەكاردەهێندرا.
ئاماژە بەوەیش دراوە كە لە میانی هەڵكوتانە سەر حەشارگەكەدا، شەڕ و پێكدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەكان و باندەکەدا روویداوە و لە ئاكامدا، یەكێك لە ئەندامانی ئەو باندە كوژراوە و دووی دیكەیش دەستگیركراون.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو كە لە ئاكامی شەڕ و پێكدادانەكەدا، ئەفسەرێكی هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا بە پلەی نەقیب كوژراوە.
لە رۆژی شەممەی رابردووەوە هێزەكانی سوپا و پۆلیسی عێراق، زنجیرەیەك ئۆپەراسیۆنیان بە ئامانجی دەست بەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆلەت و دەستگیركردنی كەسانی داواكراو لە ژمارەیەك پارێزگای ئەو وڵاتە ئەنجام دەدەن.