Zana Natık Kerem
25 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 25 ئاب 2020
هەولێر ــ AA
تیرۆریستانی داعش لە دوو پەلاماری جیادا لە سنووری پارێزگاكانی دیالە و كەركووك، سێ هاووڵاتییان رفاند و چوار پۆلیسی فیدرالییان كوشت.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە باكووری رۆژهەڵاتی دیالە، وەسفی تەمیمی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند كە ژمارەیەك تیرۆریستی داعش هەڵیانكوتاوەتە سەر گوندی سەفسافە سەربە ناحیەی قەرەتەپە كە لە میانیدا هاووڵاتییەكیان برینداركردووە و سێی دیكەیان رفاندووە كە سەربە یەك خێزان بوون.
وەسفی تەمیمی ئاماژەی بەوەیش داوە ئەو هاووڵاتییانەی كە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێندراون، كاریان فرۆشتنی ماسییە و ژمارەیەك حەوزی بەخێوكردنی ماسیشیان لە ناوچەكەدا هەیە.
لە لایەكی دیكەوە شانەی رایگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق بڵاوی كردەوە كە لە ئاكامی هێرشێكی تیرۆریستانی داعش بۆسەر هێزەكانی پۆلیسی فیدرال لە سنووری باشووری پارێزگای کەرکووک، هەشت پۆلیس كوژران و برینداربوون.
بەپێی راگەیەندراوێكی شانەی ناوبراو شەوی رابردوو، تیرۆریستانی داعش هێرشیانكردووەتە سەر هێزەكانی پۆلیسی فیدرال لە سنووری قەزای داقووق باشووری پارێزگای كەركووك.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەیش دراوە كە لە ئاكامی هێرشەكەدا، چوار پۆلیسی فیدرال كوژراون و چواری دیكەیش برینداربوون.