Sarmand Hameed
29 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2019
عێراق - AA
چوار مووشەک کە لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە ئاراستەکران، لە بنکەیەکی سەربازی نزیک بەغدا پایتەختی عێراق کە هێزەکانی ئەمریکا تیایدا جێگیرکراون، کەوتنەخوارەوە.
دوو سەرچاوەی ئەمنیی بە ئاژانسی ئانادۆڵویان راگەیاند، کەسانێکی نەناسراو چوار مووشەکی جۆری کاتیۆشایان ئاراستەی بنکەی سەربازی تاجی باکووری بەغدا کرد کە راوێژکارانی سەربازی ئەمریکا تیایدا جێگیرکراون.
بە گوتەی ئەو دوو سەرچاوەیە، مووشەکەکان لەناو بنکە سەربازییەکە کەوتوونەتە خوارەوە.
وەک ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان پێدا، مووشەکەکان هیچ زیانێکیان لێنکەوتووەتەوە کە شایەنی باسکردن بێت.
ئەم رووداوە داوای ئەوە دێت رۆژی یەکشەممە هێزەکانی ئەمریکا دوو پێگەی حزبوڵڵایان لە پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای عێراق بۆردومان کرد و بەهۆیەوە ١٨ چەکداری حزبوڵڵا کوژران.
پێشتر وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاندبوو، لە ئاکامی ئەو بۆردومانە ئاسمانییەی کە ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵڵای عێراق ئەنجامی دا، چوار چەکداری حزبوڵڵا کوژران و٣٠ی دیکە برینداربوون.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبوو، پێگەکانی حزبوڵڵا لە پارێزگای ئەنبار لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمریکاوە کراوەتە ئامانج و بەوهۆیەوە چوار چەکدار کوژراون کە یەکیان جێگری فەرماندەی لیوایە، هەروەها ٣٠ چەکداری دیکەی حزبوڵڵا برینداربوونە.
پێشتریش سەرچاوەک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندبوو، لە نێو کوژراوەکاندا فەرماندەیەکی باڵای حزبوڵڵا هەیە بەناوی ئەبو عەلی خەزعەلی.
هاوکات وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبوو کە پینج پێگەی حزبوڵڵای لە عێراق و سووریا بۆردومان کردووە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئەو هێرشەی وەک وەڵامێک لەقەڵەمدابوو لەبەرامبەر ئەو هێرشەی کە دوێنێ کرایە سەر بنکەی سەربازی K1 نزیک شاری کەرکووک و بەهۆیەوە کارمەندێکی خانەنشینی ئەمریکی کوژرا و چوار سەربازی ئەمریکی و دوو سەربازی عێراقی برینداربوون.
لە لای خۆیەوە سەرچاوەیەکی سەربازیی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، سەرجەم هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەددین و بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و بنکەی سەربازی K1 لە پارێزگای کەرکووک و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا هەروەها بنکەی سەربازی لە پارێزگای نەینەوا خراونەتە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشییەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێکی خۆپاراستن لە ئەگەری هێرشی تۆڵەسەندنەوە لەدوای کردنە ئامانجی پێگەکانی حزبوڵڵا.
بەپێی ئاژانسەکانی هەواڵی ناوخۆ، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق چەند رۆژێک لەمەوبەر دەیان کارمەندی خۆی گواستووەتەوە.
هاوکات باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەزرترین ئاستی هۆشداریی دابوو لە ئەگەری هێرشی بەرپەرچدانەوە لا لەیەن گرووپەکانی پەیوەست بە ئێران لە عێراق.
بەرپرسانی ئەمریکی ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لە رێگەی بریکارەکانیانەوە لە گرووپە چەکدارییە شیعەکان هێرشی مووشەکی بۆسەر ئەو بنکە سەربازییانە ئەنجام دەدەن کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تیایاندا جێگیربوونە، لە بەرامبەردا تاران ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە.
ئەمریکا، لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش نزیکەی پێنج هەزار سەربازی لە بنکە سەربازییەکان لە سەرتاسەری عێراق جێگیرکردووە.