Sarmand Hameed
30 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2019
بەغدا- AA
ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بۆردومانی ئاسمانیی هێزەکانی ئەمریکا بۆسەر دوو پێگەی حزبوڵڵای عێراق لە پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای عێراق کوژران، بەرزبوویەوە بۆ ١٨ کەس.
ئەفسەرێک لە سوپای عێراق رایگەیاند، بۆردومانەکە دوو پێگەی حزبوڵڵای کردووەتەوە ئامانج و لە یەکێکیان ١٥ چەکدار و لە پێگەکەی دیکە سێ چەکدار کوژران.
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، لە نێو کوژراوەکاندا فەرماندەیەکی باڵای حزبوڵڵا هەیە بەناوی ئەبو عەلی خەزعەلی.
بە گوتەی سەرچاوەکە، لە ئاکامی بۆردومانەکەدا دەیان چەکداری دیکە برینداربوونە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەکەی بدات.
پێشتر وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاندبوو، لە ئاکامی ئەو بۆردومانە ئاسمانییەی کە ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵڵای عێراق ئەنجامی دا، چوار چەکداری حزبوڵڵا کوژران و٣٠ی دیکە برینداربوون.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبوو، پێگەکانی حزبوڵڵا لە پارێزگای ئەنبار لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمریکاوە کراوەتە ئامانج و بەوهۆیەوە چوار چەکدار کوژراون کە یەکیان جێگری فەرماندەی لیوایە، هەروەها ٣٠ چەکداری دیکەی حزبوڵڵا برینداربوونە.
هاوکات وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبوو کە پینج پێگەی حزبوڵڵای لە عێراق و سووریا بۆردومان کردووە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئەو هێرشەی وەک وەڵامێک لەقەڵەمدابوو لەبەرامبەر ئەو هێرشەی کە دوێنێ کرایە سەر بنکەی سەربازی K1 نزیک شاری کەرکووک و بەهۆیەوە کارمەندێکی خانەنشینی ئەمریکی کوژرا و چوار سەربازی ئەمریکی و دوو سەربازی عێراقی برینداربوون.
لە لای خۆیەوە سەرچاوەیەکی سەربازیی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، سەرجەم هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەددین و بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و بنکەی سەربازی K1 لە پارێزگای کەرکووک و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا هەروەها بنکەی سەربازی لە پارێزگای نەینەوا خراونەتە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشییەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێکی خۆپاراستن لە ئەگەری هێرشی تۆڵەسەندنەوە لەدوای کردنە ئامانجی پێگەکانی حزبوڵڵا.
بەرپرسانی ئەمریکی ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لە رێگەی بریکارەکانیانەوە لە گرووپە چەکدارییە شیعەکان هێرشی مووشەکی بۆسەر ئەو بنکە سەربازییانە ئەنجام دەدەن کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تیایاندا جێگیربوونە، لە بەرامبەردا تاران ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە.
ئەمریکا، لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش نزیکەی پێنج هەزار سەربازی لە بنکە سەربازییەکان لە سەرتاسەری عێراق جێگیرکردووە.