Heman Hussein Yaseen
30 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2023
هەولێر - AA
بەهۆی بەردەوامیی لێکەوتەی ناکۆکییە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بۆ ماوەی دەیان ساڵ، زۆرترین ژمارەی کەسانی بێسەروشوێنی لەسەر ئاستی جیهان لێکەوتووەتەوە و سەدان هەزار کەس هێشتا چارەنووسیان نادیارە و، ئەندامانی خێزانەکان لەدۆخێکی بێهیواییدا دەژین.
بەرپرسی نێردەی کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە عێراق، ژان جیرۆم کاسابیانکا ژمارەیەک داتا و ئاماری تایبەت بەم بۆنەیە ڕاگەیاندووە کە وێنەیەکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەکات کە لەمیانی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، ٩٩٤ داواکاری سۆراخییان پێگەیشتووە لە کاتێکدا ساڵی ٢٠٢٢دا هەزار و ٤٧٧ داواکارییان بەدەستگەیشتبوو. هاوکات ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە هەر لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، ٧١ ڕووفات لەعێراقەوە ڕادەستی ئێران کراوەتەوە و لە ئێرانیشەوە چوار ڕووفات ڕادەستی عێراق کراونەتەوە.
رۆژی ٣٠ی ئابی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانیی بێسەروشوێنبووان دانراوە بۆ سۆراخ و گەڕان بەدوای ئەو کەسانەی لە ئەنجامی شەڕ و ململانێیەکان چارەنووسیان نادیارە.
بەرپرسی نێردەی کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە عێراق، ژان جیرۆم کاسابیانکا لەم ڕۆژەدا ڕایگەیاندووە کە لەنیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا، ٩٩٤ داواکاری سۆراخکردنیان لەلایەن خێزانی کەسانی بێسەروشوێنەوە پێگەیشتووە بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەنووسی کەسە نزیکەکانیان لەو ژمارەیەش چارەنووس و ڕێوشوێنی ١٧١ کەس یەکلایی کراوەتەوە و کە پێنج کەسیان لەدەرەوەی ووڵات بە خێزانەکانییان شادبوونەتەوە، جەختی لەوەشکردووەتەوە کە لە ئێستادا ٢٨ هەزار و ٨٩٢ کەیسی کەسانی بێسەروشوێن لە عێراق بە کراوەیی ماوەتەوە.
لە داتاکەدا ئاماژە بە ساڵی ٢٠٢٢ کراوە کە تیاییدا کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور هەزار و ٤٧٧ داواکاری سۆراخی لە کەسوکاری بێسەروشوێنان وەرگرتووە و لەو ژمارەیەش چارەنووسی ٦٧٨ کەس یەکلاییکراوەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی داتاکاندا ئاماژە بە بێسەروشوێنبووانی جەنگی نێوان عێراق لەگەڵ ئێران و کوێت کراوە و تیاییدا ئەوە خراوەتەڕوو کە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە ڕێی سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور، میکانیزمی بەڕێوەبردن و ھەڵدانەوەی ٢٣٦ ڕووفات و ئێسکوپڕوسکی مرۆیی و ڕادەستکردنەوەیان لەلایەن عێراقەوە بۆ ئێران و ھەروەھا گێڕانەوەی ٤٥ ڕووفات لە ئێرانەوە بۆ عێراق ئەنجامدراوە.
ئاماژە بەوەیشکراوە کە هەر لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا، ٧١ ڕووفات لەعێراقەوە ڕادەستی ئێران کراوەتەوە و لە ئێرانیشەوە چوار ڕووفات ڕادەستی عێراق کراونەتەوە.
کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە ساڵی ١٩٨٠یەوە لە عێراق کاردەکات، ئامانجی سەرەکی چالاکییەکانی سەردانیکردنی گیراوان و یەکخستنەوەی ئەو خێزانانەیە کە بەهۆی شەڕ و ململانێیەکانەوە پەرتەوازەبوونە، هاوکات یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی کەسانی بێسەروشوێنبوون یەکێک لە ئامانجەکانی سیاسەتی کۆمیتەکەیە.