عێراق

پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە یادی کۆچی دواییی مام جەلال-دا

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی: "کۆچکردنی مام جەلال بۆشاییەکی گەورەی لە کاری دەوڵەتی و سیاسیدا دروست کرد".

Heman Hussein Yaseen  | 03.10.2019 - نوێکردنەوە : 04.10.2019
پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە یادی کۆچی دواییی مام جەلال-دا

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی کۆچی دوایی سەرکۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەلال تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا رۆڵی تاڵەبانی بەرز دەنرخێنێت و ئاماژە بەوە دەکات کە کۆچکردنی جەلال تاڵەبانی بۆشیاییەکی گەورەی سیاسیی دروستکردووە.

لە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بۆ یادى کۆچى دواییى مام جەلال هاتووە: "ئه‌مڕۆ له‌ ساڵیادی كۆچی دواییی مام جه‌لالدا، یادی سه‌ركرده‌یه‌كی خه‌باتگێڕ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ كۆچكردنی بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی له‌ كاری ده‌وڵه‌تی و سیاسیدا دروست كرد. له‌ناو كێشه‌ و ئاڵۆزییه‌كانی ئه‌مڕۆدا له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ زیاتر له‌ هه‌موو كاتێك هه‌ست به‌ بۆشاییی مام جه‌لال ده‌كه‌ین، به‌ڕاستی مام جه‌لال سیمبولێكی كاری هاوبه‌ش بوو".

نێچیرڤان بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە "په‌یوه‌ندیی به‌هێزی نێوان هه‌ردوو سه‌رۆك مام جه‌لال و كاك مه‌سعوود بارزانی، قۆناغێكی به‌هێزی كاری هاوبه‌شی له‌ كوردستان هێنایه‌ كایه‌وه‌ كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی چه‌سپاندنی به‌شێكی زۆری داواكانی گه‌لی كوردستان بوو له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و ده‌ستووری عێراقدا، هه‌روه‌ها له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌دا بۆ یه‌كه‌مجار پێگه‌یه‌كی به‌هێز بۆ كورد و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ له‌ دامەزراوەکانى ده‌وڵه‌تی عێراقدا دروست بوو و دیموكراسی له‌ عێراق گه‌شه‌كردنێكی زۆری به‌خۆیه‌وه‌ بینی".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمدا هاتووە کە "مام جه‌لال، پشتیوانێكی زۆر گه‌وره‌ بوو بۆ كاری من له‌ دروستكردن و ڕیشه‌داركردنی كاری هاوبه‌ش و به‌ڕێوه‌بردنی هاوبه‌ش له‌ هه‌رێمی كوردستان کاتێک كابینه‌ی پێنجه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانمان پێکهێنا و به‌ر له‌وه‌ش له‌ نزیككردنه‌وه‌ی ئیداره‌كان و دروستكردنی یه‌كبڕیاری له‌سه‌ر زۆر پرسی سیاسی و ئیداری له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق. ئه‌مڕۆ كه‌ یادی كۆچی دواییی مام جه‌لال ده‌كه‌ینه‌وه‌، باشترین وه‌فاداری ئه‌وه‌یه‌ یه‌كڕیزیی گه‌له‌كه‌مان و هاوبه‌شی له‌ كاری سیاسی و به‌ڕێوه‌بردندا، په‌یوه‌ندییه‌كان و هاوهه‌ڵوێستیی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و هه‌موو هێزه‌كانی كوردستان له‌سه‌ر پرسه‌ هاوبه‌شه‌ كوردستانی و عێراقییه‌كان به‌هێز بكه‌ین".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن