Zana Natık Kerem
02 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2024
ھەولێر ــ AA
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ڕایگەیاند کە لە ئاکامی پەلامارێکی داعش بۆسەر ھێزەکانی سوپای عێراق لە باشووری پارێزگای کەرکووک، چوار سەرباز کوژراون و سێی دیکەش برینداربوون.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ و شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، عەمید میقداد میری ڕایگەیاندووە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ھێزێکی ھەواڵگریی سەربە لیوای ٤٢ لە فیرقەی ١١ی سوپای لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکدا لە ناوچەی دۆڵی زەغیتون باشووری پارێزگای کەرکووک، کەوتوونەتە ناو بۆسەیەکی تیرۆریستانی داعشەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە ئاکامی پەلامارەکەدا، چوار سەرباز کوژراون و سێی دیکەش برینداربوون.
وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا، سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ڕووبەری ئەو خاکەی کە ڕێکخراوەکە لە ھاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرت ڕاگەیاند، بەڵام تا ئێستا ڕێکخراوەکە لە رێگای پاشماوە و شانە نووستووەکانی ناو بەناو کردەی تیرۆریستی بۆسەر ھێزە ئەمنییەکان و ھاووڵاتییان ئەنجام دەدات، بەتایبەتیش لە سنووری پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین، دیالە و ئەنبار.