Heman Hussein Yaseen
02 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2024
هەولێر - AA
گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر ئاسایی بووەتەوە دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو بە شێوەی کاتی داخرابوو، ئاسایی بووتەوە.
شەوی ڕابردوو، ئێران چەند مووشەکێکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، ئەمەش بووە ھۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەشێک لە فڕۆکەخانەکان کرانەوە و ھەندێک گەشتیش ھەڵوەشاونەتەوە.
بەپێی خشتەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، گەشتەکان لە کاتژمێر شەشی بەیانییەوە ئاسایی بووەتەوە، تەنیا گەشتی ژمارە G٩ ٣٥٧ کە ھێڵی ئاسمانی عەرەبییە بڕیاربوو لە کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ لە شاریجەوە بگاتە ھەولێر، گەشتەکە ھەڵوەشاوەتەوە. ھەروەھا بڕیار بوو ھەمان فڕۆکە کاتژمێر ١٢:٤٠ گەشتی ژمارە G٩ ٣٥٨ لە ھەولێر بەرەو شاریجە ئەنجام بدات، ئەویش ھەڵوەشاوەتەوە.
ھاوکات چەند گەشتێکی دیکە لە ھەولێر بۆ وڵاتان ڕاگیراوە بەھۆی گۆڕانکاری لە خشتە و داخرانی فڕۆکەخانەکانەوە و پێشبینی دەکرێت لە ماوەکانی داھاتوودا گەشتەکانی وڵاتان ئاسایی بێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە شەوی ڕابردوو وەزیری گواستنەوەی عێراق، ڕەزاق محێبس سەعداوی ڕایگەیاندبوو کە بەھۆی گرژی ئەمنی لە ناوچەکە و پاراستنی گیانی گەشتیارییان، سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخراون.