Heman Hussein Yaseen Yaseen
01 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 02 ئاب 2019
هەولێر - AA
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەی نائاسایی خۆی ئەنجام بدات سەبارەت بە پێشنیازە بڕیارێک لەبارەی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان و بڕیارە رۆژی سێی ئابی هەموو ساڵێک وەک رۆژی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان بناسێندرێت.
پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی گۆڕان، جەلال حەمەدئەمین لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەرچەندە ئێستا پەرلەمان لە پشووە، بەڵام بە هۆی زەروورییەتێک کە لەماوەی رابردوودا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازە بڕیارێک کراوە بۆ ئەوەی رۆژی ٣ی٨ی هەموو ساڵێک وەک رۆژی جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکان بناسرێت چونکە لە رۆژی ٣/٨/٢٠١٤ گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش کۆمەڵکوژییەکی گەورەیان دژ بە ئێزدییەکان ئەنجامدا".
لەبارەی قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوی ئێزدییەکان، جەلال حەمەدئەمین گوتی: "سەرەتا لە پێشنیازە بڕیارەکە قەرەبووی تێدابوو دواتر بۆچوونی حکوومەتی هەرێممان وەرگرت لە راستیدا پێیان وابوو بەپێی مادەی ١٣٢ لە بڕگەی دووەم لە دەستووری عێراقی دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی عێراقی بۆ ئەوەی قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بۆ ئەو کارەساتە بکرێت".
ناوبراو گوتیشی: "تا رۆژی شەممە واتا ٣ی ٨ هەوڵ دەدەین پێشنازە بڕیارەکە بکرێتە بڕیار و ئەم رۆژە وەکو جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان بناسرێت بۆ ئەوەی لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان وەک رۆژی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان بناسێندرێت".
پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی لیستی ئازادی، موحێدین حەسەن یوسف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازە بڕیارێک دەکرێت کە تایبەتە بە دیاریکردنی رۆژێک بۆ جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان و وەک پێشنیازیش رۆژی ٣ی٨ی هەموو ساڵێک دیاریکراوە و ئەمڕۆش دەنگ لەسەر ئەو بڕیارە دەدرێت و دواتر رێکارەکانی دیکە دەگیرێتەبەر".
ناوبراو گوتیشی: "دیاریکردنی رۆژێک بۆ جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان دەتوانێت لە رووی مەعنەوییەوە گرنگە و لە رووی ماددیشەوە لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی حکوومەتی عێراق قەرەبووی زیانی ماددی ئێزدییەکان بکاتەوە".